پەیامی کورد... قائانی بە سودانیدا پەیامی تارانی بۆ واشنتۆن رەوانەكردووە
فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران بەنهێنی و بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك هاتووەتە بەغدا و بە سودانیدا پەیامی تارانی بۆ واشنتۆن رەوانەكردووە وتویەتی: ئاگامان لە هێرشەكە نەبووەو هیچ زانیاریەكیشمان لەبارەیەوە نەبووە.
رۆژنامەی (العربي الجدید) ڕایگەیاندوە: ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران رۆژی سێ شەممەی رابردوو سەردانێكی نهێنی و بەپەلەی بۆ عێراق ئەنجامداوەو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و ژمارەیەك لەسەركردەی میلیشیا هاوپەیمانی تاران كۆبووەتەوە بە ئامانجی بەرگرتن لە ئاڵۆزی زیاتری نێوان میلیشیاكان و سوپای ئەمریكا دوای هێرشەكەی سەر بنكەی تەنەف.
ئاماژەی بەوەشكردوە، سەرادانەكە چەند كاتژمێرێكی خایاندووە كۆبونەوەی یەكەمی لەگەڵ سودانی ئەنجامداوە كە ماوەی سێ كاتژمێری خایاندووە قائانی جەختیكردووە تاران نایەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی پاكتاوكردنی ململانێكانی لەگەڵ ئەمریكاو ئاسایش و سەقامگیری تێكبچێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، قائانی داوای لە سودانی كردووە ئەو پەیامە بگەیەنێتە ئەمریكیەكان كە ئێران هیچ پەیوەندیەكی بە هێرشەكەی سەربنكەی تەنەفەوە نیەو تەنانەت هیچ زانیاریەكیشی لەبارەوە نەبووە هەوڵی ئەوەش نادات روبەڕوی جەنگ لە ناوچەكە فراوان بێت.
بەپێ ڕۆژنامەكە، قائانی بەڵێنی بە سودانی داوە فشار لە میلیشیا عێراقییەكان بكات لەپێناو هێوركردنەوەی دۆخەكەو راگرتنی هێرشەكان دژی سوپای ئەمریكا، لە بەرامبەر پەلەكردن لە پرۆسەی گفتوگۆو دانوستانەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا بۆ كۆتایهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و چوونە دەرەوەی سوپای ئەمریكا بەتەواوەتی بەگوێرەی خشتەیەكی زەمەنی دیاریكراو.
ئەوەشهاتووە، قائانی دوای كۆبونەوەی لەگەڵ سودانی لەگەڵ سەركردەی میلیشیاكانی كەتائیبی حزبوڵاو بزوتنەوەی نوجەباو كەتائیبی سەید ئەلشوهەدا كۆبووەتەوە، داوای لێكردوون هێرشەكانیان رابگرن بەشێوەیەكی كاتی تا هەڵوێستی ئەمریكا روندەبێتەوە لەبارەی جدیەتی لەكشانەوەی سوپاكەی لەڕێی گفتوگۆكانی ئێستای لەگەڵ حكومەتی عێراق.
ڕۆژنامەكە دەشڵێت: راگرتنی هێرشەكان لەلایەن میلیشیای حزبوڵاوە بۆ سەر سوپای ئەمریكا دەرەنجامی سەردانەكەی قائانی بووە هاوكات میلیشیاكانی تریش بەڵێنیانداوە هێرشەكانیان رابگرن بەڵام بەشێوەیەكی فەرمی رایاننەگەیاندووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە