پەیامی کورد... کازمی: عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆردا سەرکەوت
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێک لە لووتکەی جەددە لە سعوودیە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە هاوکاری دراوسێی و هاوپەیمانەکانی، شەڕی تیرۆری کرد، دەرەنجام بەسەر ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا سەرکەوت.
کازمی ڕاشیگەیاند، ڕێگەیەکی دیکەمان هاتووەتە پێش، ئەویش ڕیشەکێشکردنی ڕەگی تیرۆر لە ناوچەکەدا، ئەمەش پێویستی بەوە هەیە لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی هاوکاری عێراق بکرێت، لەپێناو دانانی ستراتیژیەتێکی گشتگیر بۆ وشکردنی سەرچاوەکانی تیرۆر، ئەمەش لە ڕێگەی هاوکاری هاوبەشەوە دەکرێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، مەترسی و کاریگەرییەکانی جەنگی ئۆکراینا ئەوە داوا دەکات چارەسەری گونجاو و خێرا بۆ قەیرانی خۆراک لە جیهاندا بکرێت، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری زۆری ئەو جەنگەی بەسەرەوەیە.
دەشڵێت: "تەمەنی دیموکراتییەت لە عێراق گەیشتووەتە دوو دەیە، سەرباری کێشەکان، ئەو دیموکراتیە بەرەو پێش هەنگاو دەنێت، لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی پار ساڵیش، ئاستەنگی زۆر هاتووەتە بەردەم پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا".
گوتیشی: "عێراق پاڵپشتی لە گفتوگۆی تایبەت بە دۆسیەی ناوەکی لە ناوچەکەدا دەکات، تاکوو ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت".
بە ئامادەبوونی جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژمارەیەک لە سەرۆک و نوێنەری وڵاتان، ئەمڕۆ شەممە ١٦ی تەممووز/ یۆلیۆی ٢٠٢٢ لووتکەی جەددە بۆ ئاسایش و پەرەپێدانی سعوودیە دەستی پێ کرد.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە