ھیوادارین عێراقیش وەك ھەرێم مامەڵە لەگەڵ پێكھاتەكاندا بكات

ھیوادارین عێراقیش وەك ھەرێم مامەڵە لەگەڵ پێكھاتەكاندا بكات

پەیامی کورد      ...    ھیوادارین عێراقیش وەك ھەرێم مامەڵە لەگەڵ پێكھاتەكاندا بكات

وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پێكھاتەكان رایدەگەێنێت : ھەرێمی كوردستان شوێنی پێكەوەژیان و ھەموو پێكھاتە و ئایینەكانە بە بێ جیاوازی، بۆیە ئەمەیان ھەمیشە جێی رێز و پێزانینە. دەشڵێ: "ھیوادارین لە عێراقیش بە ھەمان شێوەی ھەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ پێكھاتەكاندا بكرێت و گرفتەكان لە رێگەی ئاشتییەوە چارەسەر بكرێن".

ئەمڕۆ ١٦-٥-٢٠٢١، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لە  تویتەری خۆی پەیامێكی بە بۆنەی رۆژی جیھانی پێكەوەژیان بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە دا، كار دەكەن بۆ ئەوەی كوردستان بۆ ھەمیشە بە لانەی پێكەوەژیان، تەبایی و ئاشتی بمێنێتەوە و ھەروەھا جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە پشتیوانی لە پێكەوەژیان و ئاشتی لە سەرانسەری جیھان دەكەن.

لای خۆشیەوە، ئایدن مەعرووف، وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پێكھاتەكان، ڕایگەیاند : "پەیامی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە رۆژی جیھانیی ئاشتیدا، كە ئەمڕۆیە، زۆر گرینگە و ئێمە لەگەڵ پێكەوەژیانی ئاشتیانەین لە نێوان پێكھاتە و ئایینەكان، لە ھەرێمی كوردستانیش پێكەوەژیان ھەیە و جیاوازی لە نێوان پێكھاتە و ئایینەكاندا ناكرێت، بۆیە پشتگیری لەو پێكەوەژیانە دەكەین و داواكارین باشتریش بێت".

وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پێكھاتەكان ڕوونیشی كردەوە: "ئەم ڕۆژە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دیاری كراوە و ئێمەش بە ڕێزەوە سەیری ئەو رۆژە دەكەین، هەر لەم رۆژەشدا داواكاری لە ھەرێم و عێراق دەكەین گرفتەكان بە شێوەی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن لە نێوان پێكھاتە و نەتەوەكاندا، كە بێگومان لە ھەرێمی كوردستاندا پێكەوەژیانی باش ھەیە و جێگەی رێزە و تەمەننا دەكەین لە عێراقیش بە ھەمان شێوە بێت".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە