كارگەی سەرەكی ناوكی لە ئێران بۆ ماوەیەكی كاتی لە كاركردن ڕاگیراوە بەبێ ئەوەی هیچ ڕاڤەكردنێك لەسەر ئەم ڕاگرتنە نائاساییە بدرێت.
(غولام عەلی ڕەخشانیمیهر) كاربەدەست لە كۆمپانیای وزەی ئەلیكتریك لە بەرنامەیەكی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنی ئێراندا دەڵێت، داخستنی كارگەی بوشەهر لە ڕۆژی شەممەوە دەستیپێكردووەو سێ تا چوار ڕۆژ دەخایەنێت.
لەو لێدوانەیدا ئەم كاربەدەستەی ئێران بە دوریشی نەزانیوە وەك بەرەنجامێكیش دەشێت وزەی ئەلیكتریكیش ببڕدرێت.
ڕەخشانیمیهر هیچ زانیاری یان وردەكارییەكی زیاتری باس نەكردووە لە كاتێكدا ئەمە یەكەمین جارە ئێران باس لە داخستنێكی كاتی نائاسایی ئەم كارگە ناوكییە بكات لە بەندەری بوشەهر لە باشوری وڵاتەكە.
لە مانگی 3دا، (موحەمەد جەعفەری) كاربەدەستی پیشەسازی ناوكی ئێران ڕایگەیاندبوو، كە دەشێت ئەو كارگە ناوكییە لەكار ڕابگیرێت، چونكە ناتوانێت پارچەو پێداویستییەكان لە ڕوسیاوە وەربگرێت بۆ كارگەكە، بەهۆی ئەو سزایانەی لە ساڵی (2018) دا خراونەتە سەر بانكەكانی ئێران.
بوشەهر بەو یۆرانیۆمەی لە ڕووسیا بەرهەم دەهێنرێت كار دەكات و لەژێر چاودێری دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكاندایە.
تاكو ئێستا ئەم دەزگا چاودێرییە وەڵامی پرسیارەكانی نەداوەتەوە لەسەر داخستنی ئەو كارگە ناوكییەی ئێران.
دروستكردنی كارگەی ناوكی بوشەهر لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاكانی سەدەی ڕابردووداو لەسەروەختی ڕژێمی شاهەنشاهی ئێراندا دەست بە دروستكردنی كراوە، پاش شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی (1979) دا بەردەوام ئەو كارگە ناوكییە ئامانجی هێرش بووە لەكاتی شەڕی عێراق ئێراندا، دواتر ڕووسیا دەستیكرد بە تەواوكردنی ئەو دامەزراوە ناوكییە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە