هێزە عێراقییەکان لە دەوروبەری کەرکووک پاشەکشەیان کردووە

هێزە عێراقییەکان لە دەوروبەری کەرکووک پاشەکشەیان کردووە

بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ ئەوەی ئاشکرا کرد، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی لە زۆرێک لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک پاشەکشەیان کردووە و دەشڵێ، ئۆتۆمبێڵی داعش بە ئاشکرا لە نێو حەویجە و ڕیاز ھاتوچۆ دەکەن.

عەقید ھێمن ساڵح، فەرماندەی لیوای پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە  ڕاگەیاند: "ئێمە وەک ھێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی پێشەوە بەردەوام چاودێریی جووڵەی ھێزەکانی عێراق و داعش دەکەین لە سنووری کەرکووک. ڕۆژئاوای کەرکووک لە سنووری مەلا عەبدوڵڵا و دوبز پێکھاتووە، باشووری کەرکووکیش قەزای داقووق تا حەویجە لە خۆ دەگرێت، ماوەی چەند ڕۆژێکە ھێزە عێراقییەکان زۆربەی سەنگەرەکانیان چۆڵ کردووە و ڕەبایەکانیشیان وەک خۆی ماوە و تێک نەدراون، بەتایبەتی دوێنێشەو زۆرێک لە شوێنی ستراتیژیی مەلا عەبدوڵڵا و دوبز و داقووق لە لایەن ھێزە عێراقییەکانەوە چۆڵ کراون و هێزەکانی داعش بە ژمارەیەکی زۆر بەرچاو لە ڕیاز و حەویجە زیادیان کردووە."

بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "بە ھۆی پاشەکشەی ھێزە عێراقییەکانەوە ئێستا ئەو شوێنانەی چۆڵ کراون بوونەتە شوێنی حەوانەوەی داعش، گرووپی تیرۆریستیی داعش دەستیان بە چالاکی کردووە، بەڵام لە ترسی فڕۆکە شوێنی تایبەت بە خۆیان نییە، ھەر بە شێوەی پارتیزانی دەستی خۆیان لە ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی دەوەشێنن."

لەبارەی مەترسی بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، عەقید ھێمن ساڵح دەڵێ: "ئێستا داعش تەنیا ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی دەکەنە ئامانج و شانە نوستووەکانی داعش زیاتر لە سنووری ئەوانن، نەک لە سنووری پێشمەرگە."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە