بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان ، نزیکەی دوو حەفتە بەر لە ئێستا، پێنج کەس لە ئەندامانی چەکداری سوپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر بنەماڵەیەک و دوای ئەوەی پیاوەکانیان بە دارێکەوە دەبەستنەوە ، لەپێش چاوی ئەوان دەستدرێژییان کردووەتە سەر سێ ژنی ئەو بنەماڵەیە " دایک، خۆشك و تازە بووکێکی بنەماڵەکە " .
هەواڵنێری ئەم زانیارییە لە شاری ئورمیە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند کە ئەو تاوانە لە نزیک گوندی مەحموودئاوای ئورمیە ڕووی داوە. ئەو بنەماڵەیە کە ئازەری بوون بە مەبەستی گەشت و سەیران و زیارەتی گڵکۆی سەید عەباس چوونەتە ئەو ناوچەیە و شەو لەوێ چادریان هەڵداوە.
هێرشبەرانیش ئازەری و دانیشتووی گوندی ”حەسار“ی ئورمیە بوون کە لەکاتی هێرش کردن خۆیان بە ئەندامانی حزبە کوردستانییەکان ناساندووە و ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە.
دوای بەدواداچوون بۆ ئەم کەیسە ناسنامەی ٤ کەس لەووانەی دەستدرێژییان کردووە ئاشکرا بووە کە ئەندامی فەرمی و چەکداری سوپای پاسدارانن و هەروەها ئەو چەکانەش بەکاریان هێناوە چەکی سوپای پاسداران بووە.
دوای ئەو تاوانە ٤ کەس لە دانیشتوانی گوندەکانی ئەو ناوچەیە دەستبەسەر کراون کە ناسنامەکانیان ”محەمەد ئاقازادە“ کوڕی عەلی، فەرزین بوزورگی، جابر و سابر ڕاگەیندراوە.
یەکێک لە دانیشتوانی گوندی حەسار کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە ”ئەم تاوانە بە ئەنقەست و بە ئاگاداری سوپای پاسداران و بە مەبەستی ناوزڕاندنی هێزە کوردییەکان لەلایەک و خۆش کردنی شەڕی نێوان کورد و ئازەری لەلایەکی دیکەوە لەلایەن ئەندامانی سوپاوە ئەنجام دراوە.“
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە