په‌یامى سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان بۆ یادى ئه‌نفالكردنى بادینان

په‌یامى سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان بۆ یادى ئه‌نفالكردنى بادینان

په‌یامی کورد    ...  له‌ چوارچێوه‌ى شاڵاوى به‌دناوى ئه‌نفالدا كه‌ ساڵى 1988 له‌لایه‌ن ڕژێمى به‌عسه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكى سڤیلى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام درا و تیایدا زیاتر له‌ (180) هه‌زار هاووڵاتی كوردستان بێسه‌روشوێن و شه‌هید كران و به‌ هه‌زاران دێهاتى كوردستان وێران بوون، ئه‌مڕۆ یادى ئه‌نفالكردنى بادینان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

ئه‌نفالكردنى بادینان كه‌ كۆتایی شاڵاوى ئه‌نفاله‌كان بوو، له‌ 25ى ئابه‌وه‌ تا 6ى ئه‌یلوولى 1988 هه‌موو ناوچه‌كانى بادینانى گرته‌وه‌ و تیایدا كیمیاباران و گرتن و كوشتن و ڕاگواستن و وێرانكرنى مزگه‌وت و دێر و دێهات و ناوچه‌كانى بادینان له‌لایه‌ن پێنج فیرقه‌ى سه‌ربازییه‌وه‌ ئه‌نجام درا و ئه‌وانه‌یشى له‌و تاوانه‌ ڕزگاریان بوو، ئاواره‌ى ئێران و توركیا و په‌راگه‌نده‌ى وڵاتان بوون.

له‌ كاتێكدا به‌وپه‌ڕى ڕێز و شكۆوه‌ یادى شه‌هیدانى ئه‌نفالكردنى بادینان و ته‌واوى شه‌هیدانى كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌، جارێكى دیكه‌ داوا له‌ حكوومه‌تى عێراق ده‌كه‌ین به‌پێى بڕیارى دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق كه‌ شاڵاوه‌كانى ئه‌نفالى به‌ تاوانى دژى مرۆڤایه‌تى و جینۆساید و جه‌نگ ناساندووه‌، ئه‌ركى یاسایى و ئه‌خلاقی خۆى جێبه‌جێ بكات و قوربانییانى ئه‌نفال قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش ڕاده‌سپێرین كه‌ خزمه‌تكردنى زیاترى قوربانییانى ئه‌نفال و به‌دواداچوونى چاره‌نووسى ونبووان بكاته‌ یه‌كێك له‌ ئه‌وله‌ویاتى كاره‌كانى.

دروود و سڵاو بۆ گیانى پاكى شه‌هیدانى ئه‌نفالكردنى بادینان و هه‌موو ئه‌نفالكراوان و ته‌واوى شه‌هیدانى كوردستان.

 

سه‌رۆكایه‌تی  هه‌رێمى كوردستان

25/8/2019

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە