پەیامی کورد ... خەزعەلی : چەکی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە هۆی ئەمریکاوە شەرعییە
ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق جەختدەكاتەوە، چەكی گرووپە چەكدارەكانی عیراق بەهۆی بوونی هێزەكانی ئەمریكاوە لە ووڵاتدا، شەرعین. دەشڵێت "ئەو هێزانە پەیوەندییان بە تیرۆركردنی چالاكوانانەوە نییە".
قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق لە ووتەیەكیدا بەبۆنەی عاشووراوە ووتی "راگەیاندن تەنها تەركیز لەسەر حزبە ئیسلامیەكان دەكات و تەنها كێشەكانی ئەوان دەبینێت، مەبەستەكەش سیاسییە، حزبە ئیسلامیەكانیش و نا ئیسلامیەكانیش بەرنامەیەكی راستەقینەیان نییە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی".
ئاماژەی بەوەشداوە، گەندەڵی جیهانی پڕكردوە و تەنها عیراق نییە، ئەمریكا نە دادپەروەری و نە مرۆڤایەتی و نە خۆشگوزەرانی بەدینەهێناوە، بنەمای گەندەڵی ئەوانەن، كە سیستەمی تاییفیان لە عیراقدا دامەزراند.
سەبارەت بە میلیشیا چەكدارەكانیش ووتی "چەكی هێزە چەكدارەكان بەهۆی بوونی ئەمریكاوە لەسەر خاكی عیراق شەرعییە و بەرگری لە مافی خۆمان دەكەین بۆ هەڵگرتنی چەك دژی داگیركاری ئەمریكا، ئەوەش بۆ پشتگیریكردنی دەوڵەتە و كاتییە".
هەرچی سەبارەت بە تیرۆركردنی چالاكوانانە، خەزعەلی دەڵێت "چەندین گرووپی عیراقی هەن لە دەرەوە راهێنانیان پێكراوە و زۆرینەیان لە ئوردۆن بە سەرپەرشتی ئەمریكا و ئیسرائیل مەشق یانپێكراوە و راهێنانەكانیش لەسەر تیرۆركردن و دانانی بۆمبی چێندراو و چەندین كاری ترە، ئەو گرووپانە لە پشت تیرۆركردنی چالاكوانانەوەن".
ئەوەشی ئاشكراكرد، ٢٣ گرووپ بۆ زیادكردنی گرژییەكانی بەغدا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق راهێنراون و رەوشی ئەو ناوچانە تێكدەدەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە