لە سلێمانی دەست بەسەر ١٠٦ کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیرا

لە سلێمانی دەست بەسەر ١٠٦ کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیرا

پەیامی کورد… لە سلێمانی دەست بەسەر ١٠٦ کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیرا

 

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە و بڕی 106.75 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری هێرۆین دەستی بەسەرداگیراوە. 

 

لە راگەیێندراوێکدا کە ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 05-07-2021 بڵاویکردووەتەوە دەڵێت "لە درێژەی کار و چالاکییەکاندا و رووبەڕووبوونەوەی دژ بە بازرگانان و ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان بازرگانێکی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکرا و دەستبەسەر بڕی 106.75 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری هیرۆیندا گیرا."

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات کە دەستگیرکردنی بازرگانەکە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە لە ماددەی هۆشبەر بەسەرپەرشتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووە.

 

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، لە رۆژی 14-06-2021 دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد توانیویانە "لە کۆگای یەکێک لە نووسینگەکانی هەواڵەکردنی پۆست لەناو شاری سلێمانی تۆمەتبارێک بەناوی (ا،ع، ع) لەدایکبووی ساڵی 1979ی خەڵکی کەرکووک دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی 106.75 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ( هیرۆین )."

 

لە راگەیێندراوەکەدا ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت "بەنیازبوون بەپێچراوەیی و بەشاراوە لەناو کەلوپەلی پۆستدا رەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی بکەن."

 

ئاسایشی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات، کە تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 25 لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان راگیراوە و دەستبەسەر بڕە تلیاکەکەدا گیراوە و لێکۆڵینەوە له کەیسەکه بەردەوامە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە