هەنگاو ناسنامەی ٢٠١ ژنی دەستبەسەرکراو لە شۆڕشی ژینا ئاشکرا دەکات

هەنگاو ناسنامەی ٢٠١ ژنی دەستبەسەرکراو لە شۆڕشی ژینا ئاشکرا دەکات


پەیامی کورد... هەنگاو ناسنامەی ٢٠١ ژنی دەستبەسەرکراو لە شۆڕشی ژینا ئاشکرا دەکات

لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم دواییە، لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران لانی کەم ٢٠١ ژن لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ڕفێندراون، کە ٣٠ کەسیان تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بوون و بەپێی پێوەرە جیهانییەکانی مافی منداڵان، وەک منداڵ هەژمار دەکرێن.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژی بەرخۆدانی جەماوەریی زیاتر لە ٥٠٠ ژن لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ئورمیە و باقی شارەکانی دیکەی ئێران لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون یان دەستبەسەرکراون، کە هەنگاو هەتا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی ٢٠١ کەس لەو ژمارەیە ئاشکرا بکات.

نێو ئەو ٢٠١ ژنە کە ناسنامەیان ئاشکرا بووە: ٢٧ کەسیان خوێندکار، ٦ کەسیان مامۆستای قوتابخانە و کەسێکیان پارێزەری پلە یەکی دادگا بووە و ٣٠ کەسیان تەمەن ژێر ١٨ ساڵ و بە شێوەیەکی زۆرینە قوتابی بوون.


پۆلێنبەندی ژنانی دەستبەسەرکراو بە بەپێی پارێزگا

پارێزگای سنە؛ ١٠٩ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە؛ ٢٨ حاڵەت
پارێزگای کرماشان؛ ٢٥ حاڵەت
پارێزگای ئیلام؛ ٢١ حاڵەت
شارەکانی دیکەی ئێران؛ ١٨ حاڵەت


شیاوی ئاماژە پێدانە، کە ئاماری زۆرترین ژمارەی دەستبەسەرکرانی ژنان لە شاری سنە و تۆمار کراوە کە ٧١ حاڵەت بووە. دواتر شارەکانی تاران بە هەبوونی ١٦ حاڵەت، ئیلام بە هەبوونی ١٣ حاڵەت، کرماشان، قوروە و دێولان هەر کام بە هەبوونی ١٠ حاڵەت.

بەپێی ئەم لێکۆڵینەوانە هەتا ئێستا ٧ کەس لەم ژنە دەستبەسەرکراوانە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بەبێ لەبەرچاوگرتنی لانی کەمی مەرجەکانی دادگاییەکی دادپەرەوەرانە سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

لەم ڕاستایەدا، لە دادگای سەرەتاییدا، ڕۆژین یوسف زادە، سزای ١٥ ساڵ بەندکران، سوهەیلا مەتاعی سزای ٥ ساڵ بەندکران، فاتمە بەیگپوور سزای ٥ ساڵ بەندکران، گوڵناز بەیگپوور سزای ٥ ساڵ بەندکران، زەینەب باوەیر سزای ٢ ساڵ بەندکران، سەکینە عەلیڕەزایی سزای ٢ ساڵ بەندکران و نیگار داوودی سزای ٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە