ئەمریكا سزای خستە سەر كەتائیبی حزبولڵای عێراق

ئەمریكا سزای خستە سەر كەتائیبی حزبولڵای عێراق

پەیامی کورد.... ئەمریكا سزای خستە سەر كەتائیبی حزبولڵای عێراق

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە ڕاگەیەنراوێكدا شەش كەسی سەر بە گرووپی میلیشیای كەتائیبی حزبولڵای عێراقی، هاوپەیمانی ئێرانی خستۆتە لیستی سزاكانییەوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، گرووپی حزبولڵا لەلایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسداری ئێرانەوە ڕاهێنراوەو پارەی بۆ دابینكراوەو پشتیوانی لێ دەكرێت، لەپشت هێرشەكانی ئەم دواییەوەن بۆ سەر ئەمریكاو هاوبەشەكانی لە عێراق و سوریا.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، وەكوو وەزارەتی گەنجینە لەڕێگەی ئەم سزا نوێیەوە كە بەسەر شەش كەسی حزبولڵای عێراقیدا سەپێنراوە، دەیانەوێت ئەو پەیامە بۆ هەموو گرووپەكانی تری سەر بە ئێران بنێررێت، كە ئەمریكا هەموو ڕێوشوێنە بەردەستەكانی بەكار دەهێنێت بۆ لێپرسینەوە لە هەر كەسێك بیەوێت دۆخی غەززە بقۆزێتەوە بۆ ئامانجەكانی خۆی.

كەتیبەكانی حزبولڵا پێشترو لەساڵی (2019) ەوە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە وەكوو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی جیهانی ناسێنراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەرپرسیار بووە لە چەندین هێرش بۆسەر ئامانجەكانی حكومەتی ئەمریكاو عێراق و بەرپرسیار بووە لە چەندین هێرش لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكەوە بۆسەر پێگە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سوریا.

بەپێی ئەو سزایەی كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سەپاندوویەتی، ئەو شەش كەسەی حزبولڵای عێراق هەر پارەو سامانێكیان هەبێت لە ئەمریكا بلۆك دەكرێت، سەرباری ئەوەش هیچ هاوڵاتییەكی ئەمریكی بۆی نییە مامەڵەیان لەگەڵدا بكات و هەر كەسێك تێوە بگلێت لە مامەڵەكردن لەگەڵیان، هاوشێوەی ئەوان سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە