فراکسیۆنی پارتی پێشوازی کرد لە کونسوول و شاندێکی ووڵاتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان

فراکسیۆنی پارتی پێشوازی کرد لە کونسوول و شاندێکی ووڵاتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان

پەیامی کورد  ...  ئەمڕۆ، سێشەممە، ڕێكەوتی ٥/٢/٢٠١٩، هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی پێشوازیی لە ستیوەرت ڕود ئادەم، بەرپرسی كاروباری سیاسی كونسووڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارێكدا هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان پۆختەیەك لە بارودۆخی سیاسی و گفتوگۆی پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراقی شی كردەوە.

هەر لە دیدارەكەدا هێمن هەورامی ئاماژەی بە دۆخی كەركووك كرد و ڕایگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان بەم دۆخە سەربازی و سیاسییەی كە لە كەركووك هەیە ناگەڕێتەوە بۆ كەركووك، بەڵكو دەبێ ئەم دۆخە سەربازییەی كە ئێستا لە كەركوك هەیە نەمینێت و دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێتەوە شوێنی خۆی بۆ پاراستنی هەموو كەركووك بە هەموو پێكهاتەكانییەوە و ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەسەر هێڵن بۆ چارەسەركردنی دۆخی كەركووك."

لە كۆتاییی دانیشتنەكەدا ستیوەرت ڕود ئادەم، بەرپرسی كاروباری سیاسیی كونسووڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەم سەردانە و هیوای خواست پەیوەندییەكانیان بەردەوام بێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە