پەیامی کورد... محەممەدی حاجی مەحموود بە سکرتێری پارتی سۆسیالیست هەڵبژێردرایەوە
دوابەدوای ئەوەی ڕکابەرەکانی کشانەوە، کۆنگرە جارێکی دیکە محەممەدی حاجی مەحموودی وەک سکرتێری ئەو پارتە هەڵبژاردەوە.
ئەمڕۆ شەممە، حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە شاری هەولێر ئەنجامدا و تێیدا ناوی حیزبەکە بۆ "پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان" گۆڕا. هاوکات، بڕیار لەسەر گۆڕینی لۆگۆ و دروشمەکانی ئەو حیزبەش درا.
عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی کۆنگرەی حەوتەمی پارتی سۆسیالیست بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، کۆنگرەی حەوتەمی حیزبی سۆسیالیست بە بەشداری زیاتر لە هەزار ئەندام دەستی پێکردووە و ماوەی ڕۆژێک دەخایەنێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆنگرەکەدا پێشنیاز کراوە ناوی حیزب بگۆڕێت بۆ "پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان" لەگەڵ هەندێک پێشنیازی دیکەش کە کۆنگرە یەکلاییان دەکاتەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، لەم کۆنگرەیەی حیزبی سۆسیالیست پێشنیازکراوە ناوی کەسی یەکەمیش بگۆڕێت لە "سکرتێر"ەوە بۆ "سەرۆک" و کەسی یەکەم جێگرێکی دەبێت و لە حاڵەتی ئامادەنەبوونی سەرۆکدا، کاروبارەکان ڕایی دەکات.
کۆنگرەی سۆسیالیست دوای کشانەوەی ڕکابەرەکانی عەبدوڵڵا مەحموودی برای محەممەدی حاجی مەحموودی وەک جێگری سکرتێری پارتی سۆسیالیست هەڵبژارد.
لە کۆنگرەی حەوتەمی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ٣٩ ئەندامی سەرکردایەتی حیزب و ١١ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش بۆ مەکتەبی سیاسی حیزبەکە هەڵدەبژێرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە