به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسی قه‌زاى كۆیه ده‌ستگیركردنى دوو له بكوژانى ژنێكی راگه‌یاند كه 21ی كانوونى یەکەمی 2017 ته‌رمه‌كه‌یان له‌نێوان گونده‌كانى شاخه پیسكه و گۆمه‌شین فڕێدرا بوو.
شۆرش كاكه، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زاى كۆیه راگه‌یاند، به‌هاوكاری پۆلیسی هه‌ولێر و رانیه دوو له تۆمه‌تبارانى بكوژانى ئه‌و ژنه‌مان ده‌ستگیركرد كه له‌لایه‌ن كه‌سوكاره‌که‌یه‌وه له‌سه‌ر كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كوژراو فڕێدرابوو.
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كۆیه راشیگەیاند، "تۆمه‌تباره‌كان به‌مادده‌ى (406) له‌یاسای سزادانى عیراقی ده‌ستگیركراون ئیستاش به بڕیاری دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ى شاری كۆیه دۆسیه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه".
ژنە کوژراوەکە ناوی (د.م.ع)ەو ته‌مه‌نى 26 ساڵ بوو خاوه‌نى منداڵێكى سێ ساڵان بوو هاوسه‌ره‌كه‌ى ماوه‌ى ساڵێكه له زیندانى چاكسازی هه‌ولێر ده‌ستگیركراوه.
رۆژى 21ی كانوونى یەکەمی 2017 له نیوان گونده‌كانى شاخه پیسكه و گۆمه‌شین ده‌كوژرێ و ته‌رمه‌كه‌ى جێده‌هێڵرێت و هیچ ناسنامه‌یه‌كیشی پێ نه‌بوو، به‌ڵام پۆلیسی كۆیه به‌هۆی هه‌بوونى تاتۆیه‌كه‌وه له‌سه‌ر جه‌سته‌ى ژنه‌كه ته‌رمه‌كه‌یان ناسیوه‌تەوە.
دواتر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسی كۆیه رایگه‌یاند، ژنه‌كه دانیشتوى پاریزگای هه‌ولێر بووه و له‌لایه‌ن كه‌سوكاره‌كه‌یه‌وه له‌سه‌ر كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كوژراوه و دادگاش فه‌رمانى گرتنى بۆ چوار كه‌س ده‌ركرد كه دانیشتوونى هه‌ولیر و رانیه بوون.
دواى (11) رۆژله روودانى ئه‌و تاوانه باپیری ژنه كوژراوه‌كه، ته‌رمه‌كه‌ی له پزیشكی دادوه‌ری هه‌ولێر وه‌رگرته‌وه و به‌خاكی سپارد.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە