پەیامی کورد ... وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە شێوەیەكی فەرمی ڕایگەیاند، مەشقەكانیان بە فڕۆكەوانە توركەكان ڕاگرتووە، كە لە ماوەی رابردودا لە لایەن ئەمریكاوە لەسەر سیستەمی F-35 مەشقیان پێدەكرا.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، دوێنێ دووشەممە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" ، بە شێوەیەكی فەرمی مەشقەكانیان بە فڕۆكەوانە توركەكان ڕاگرتووە، كە لەماوەی رابردوودا لە ویلایەتی ئاریزۆنا-ی ئەمریکا لەسەر سیستەمی فڕۆكەی F-35 مەشقیان پێدەكرا.
لیوتنانت كۆڵۆنێڵ مایك ئاندروز، ووتەبێژی وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكان لەمیانەی لێدوانێكدا رایگەیاند، "بەهۆی نەبوونی گۆڕانكاری لە سیاسەتی توركیا، لەبارەی كۆتاییهێنان بە بەشداریكردنیان لە بەرنامەی ئێف-35ی ئەمریكی لەگەڵ ئانکارا گفتوگۆ دەكەین".
پێشتریش وەزارەتی بەرگری ئەمریکا تا رێكەوتی 31ی تەمموز-ی ئەمساڵ موولەتی داوە بە حكومەتی ئانکارا، تا لە كرینی سیستەمی موشەكی s-400ی روسی بكشێتەوە، لەوبارەیەوە لە دەرەنجامەكانی هەنگاوەكان بۆ كرینی ئەو جۆرە مووشەكە هۆشداری داوە.
هەینی رابردو 7ی حوزەیران، ئێڵین لۆرد، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكان رایگەیاند "ئەگەر توركیا لە كرینی S-400 پەشیمان نەبێتەوە، ئەو فرۆكەوانە توركانە دەردەكەین كە بە مەبەستی مەشق لەسەر فڕۆكەی F-35ی ئەمركیی لە وڵاتەكەدان".
لۆرد ووتیشی، "سەرجەم ئەو رێككەوتنانەش رادەگرین بە مەبەستی درووستكردنی پارچەكانی فڕۆكەی F-35 ی ئەمریكی لە لایەن توركیاوە، لەگەڵ حكوومەتی ئەو ووڵاتە ئەنجاممانداوە"
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە