پەیامی کورد... رۆژانه 110 تهن زهیتی زهیتوون لە هەرێمی کوردستان بهرههمدههێنرێت
حكومهتی ههرێم رایدهگهیهنێت، بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون، یەکێک لەو بەرهەمانەیە کە بە پاڵپشتی کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێ، لە ئێستادا لە ڕێگەی حەوت کارگەوە ڕۆژانە نزیکەی ١١٠ تهن زەیتی زەیتوون لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت.
کارگەکانی بەرهەمهێنانی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان بە کوالێتییەکی زۆر باش زەیت بەرهەمدەهێنن و ڕۆژانەش نزیکەی ٨٠٠ تهن زەیتوون لە جوتیارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەردەگرن و زەیتەکەش بەهۆی بوونی خواستی زۆر هەر لە ناوخۆ ساخ دەکرێتەوە.
نیعمەت مەولود، سەرۆکی کۆمەڵەی هەرەوەزی زەیتوون بە پێگەی فەرمی حکومەتی ڕاگەیاند:'' بەپێی ڕۆژە، ڕۆژ هەیە یەک تهن زەیتوونمان بۆدێت، ڕۆژیش هەیە ٣٠ تهن و ڕۆژیش هەیە ١٠ تهن زەیتوونمان بۆدێت، بەڵام بە بەردەوامی ڕۆژانە ٢٠ تهنی لێ دەكەینە زەیتی زەیتوون، چونكە لە ٢٤ كاتژمێر لەوانەیە ٤ بۆ ٥ كاتژمێر كاركردن ڕابگرین، بۆیە ٢٠ تهن ئیش دەكەین و بەرهەمهێنانی زەیتەکە بەپێی تهنی زەیتوونەكەیە، زەیتوون هەیە تەنی ١٢٠ كیلۆیە و هەشە ٨٠ كیلۆیە، چەند وەرزەكە دڕێژبێتەوە بەرهەمهێنانی زەیتون زیاتر دەبێت بۆنموونە بەرهەم هێنانی زەیت ئەگەر لەمانگی ١٢ بۆ ١ بكرێت کێشەی نیە، بەڵام لەمانگی ٩ بكرێت ئەوا سەوزە و ڕۆنی تێدانیە، لە ئێستا دا کاتی گونجاوە بۆ زەیت. ''
سەرۆکی کۆمەڵەی هەرەوەزی زەیتوون ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەو هەنگاوەی حكومەت زۆرباش بوو بۆ كردنەوەی ئەو كارگەیە، چونكە پێشتر هەمووی لەلایەن كارگەی ئەهلی زەیتوونیان ساخ دەكردەوە و هەر شتێك هەبوایە بەسەریان دەسەپێنرا و لە ئێستاشدا جووتیارەکان لەهەموو لایەكەوە دەچن بۆ ئەو کارگەیە.
نیعمەت مەولوود، ئاماژەش بەوە دەکات کە خۆشبەختانە زەیتی زەیتوون داواكاری زۆری لەسەرە لە كوردستان، خەڵكی زۆر بەكاری دێنن، ساڵی یەكەم و دووەم داواكاری زۆر نەبوو لەسەری، بەڵام ئێستا زۆر زۆر بووە لەكوردستان.
نیعمەت مەولود دەڵێت:''ئێمە وەكو خۆمان بەهیچ شێوەیەك زەیتی خراپمان نەداوەتەوە خەڵك، چونكە ئێمە ڕاستەوخۆ لە كێڵگەكان زەیتوون لێدەكەینەوەو لەهەمان ڕۆژ دەیكەینە زەیت و دەکەوێتە بەردەستی خەڵك.''
جگە لەو ناوچانەی کە بەفراوین و ساردن، تەواوی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ چاندنی زەیتوون شیاوە و دەکرێت تێیدا بڕوێنرێت، نزیکەی ١٣٥٠ جووتیاریش لەو بوارە کار دەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوامە، لە سیاسەتی پاڵپشتیکردنی جووتیاران و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە