بەپەلە ... پاشەکەوتی مووچە نەما و مووچەی پاشەکەوت کراویش دەدرێت !!!

بەپەلە  ...  پاشەکەوتی مووچە نەما و  مووچەی پاشەکەوت کراویش دەدرێت !!!

پەیامی کورد  ...   نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کەوا بڕیاری پاشکەوتی مووچە هەڵدەوەشێندرێتەوە.

دوا بەدوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، نێچیرڤان بارزانی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی ساز کرد و تێیدا ئاشکرای کرد کە حکوومەتی هەرێم بڕیاریداوە سیستەمی پاشەکەوتی مووچە لاببات.

“لەم مانگەوە بڕیاری پاشکەوتی مووچە هەڵدەگیرێت”

لە میانەی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئه‌مڕۆ ئه‌و رۆژه‌يه‌ كه‌ به‌ڵێنیان دابوو و لە دەستپێکی قسەکانیدا وتی، “ئەمڕۆ ئێمە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان هەبوو کە تایبەت بوو بە بابەتی پاشکەوتی مووچە لە هەرێمی کوردستاندا. خۆشحاڵم بەوەی کە ڕای بگەێنم لەم مانگەوە بڕیاری پاشکەوتی مووچە لە هەرێمی کوردستاندا هەڵدەگیرێت و بەبێ پاشەکەوت مووچە وەکو خۆی بە تەواوەتی دابەشدەکرێت”.

لە بەردەوامی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی سوپاسى مامۆستايان و گشت فه‌رمانبه‌ران و هاووڵاتییانی کرد کە به‌رگه‌ىان ئەو نه‌هامه‌تييانەیان گرت و قوربانییان دا.

جیا لەمە بارزانی سوپاسی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراقیشی کرد سەبارەت بە هەوڵەکانیان لەوبارەیەوە و تیشکیشی خستە سەر ئەوە کە وەرگرتنی بڕیاری پاشەکەوتى مووچە بڕیارێکى ناچاری سەخت بوو.

“هەوڵی پێویست دەدەین بۆ خەرجکردنەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان”

دواتریش ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، “هەوڵی پێویست دەدەین بۆ خەرجکردنەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان لە چوارچێوەی دانووستان و گفتۆگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی”.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ پرسی لابردنی پاشکەوتی مووچە بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەچوو.

زیاتر لە ٣ ساڵە حکوومەتى هەرێم سیستەمی پاشەکەوتی مووچەى فەرمانبەران بەکاردەهێنێت، وێڕای ئەوەی چەند جارێک هەوڵی پشتگوێخستی ئەم سیستەمە دراوە کەچی تا ئێستا زۆرێک لە موچەی فەرمانبەران لەو سیستەمەدا دەخولێتەوە. جێگای باسە کە لە هەرێمدا نزیکەی ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار مووچە خۆر بوونی هەیە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە