وەزیری کارەبا : بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم گەیشتووەتە ٣ هەزار و ٨٠٠ مێگاوات

وەزیری کارەبا  : بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم گەیشتووەتە ٣ هەزار و ٨٠٠ مێگاوات

پەیامی کورد     ...    وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باس لە چارەكردنی كێشەی كارەبای دهۆك و سۆران و زاخۆ و زێدەڕۆیی و بەستی پێوەری كارەبا دەكات و دەشڵێ، بۆ یەكەم جار بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم لە تۆڕی نیشتیمانی گەیشتووەتە ٣ هەزار و ٨٠٠ مێگاوات كارەبا.

ئەندازیار كەمال محەممەد ساڵح وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "هێڵی گواستنەوەی كارەبای خەبات – زەنگەنان لەلایەن كۆمپانیای هێرۆ لە ماوەی چوار مانگدا بە درێژایی ٣٣ كم و بە بڕی ٧ ملیۆن و ٤٢٥ هەزار دۆلار جێبەجێ دەكرێت، كە ئێستا ماوەكەی بەرەو كۆتایی دەڕوات و لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ی ئەم مانگە دەكەوێتە خزمەت هاووڵاتیانەوە و بە فەرمی دەكرێتەوە، چوونكە ئێستا ٩٩ لە سەدی كارەكانی تەواو بووە و تەنها چەند رێكارێكی كەم ماوە، كە لە ماوەی هەفتەیەكدا كارەكانی لەسەدا سەد تەواو دەبێت، ئەمەش یەكەم جارە پڕۆژەیەك بەر لە وادەی خۆی تەواو دەبێت‌."

وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند: "بە تەواوكردنی ئەم پڕۆژەیە، دەتوانرێت ٤٤٠ مێگاوات كارەبا لە تۆڕەكانی هەرێم بۆ پارێزگای دهۆك بگوازرێتەوە یاخود بەپێچەوانەوە لەوانەیە بەرهەمهێنان لە دهۆك هەبێت بۆ هەولێر و دەتوانرێت بە هەمان هێڵ بگەڕێتەوە، بەمەش شاری دهۆك هاوشێوەی شارەكانی تر پشكی تەواوی خۆی كارەبای بۆ دەچێت، چوونكە ئێستا ٣٠ بۆ ٥٠ مێگاوات كارەبای كەمترە"‌.

ئەندازیار كەمال محەممەد دەشڵێت: "سەرۆكی حكوومەتی هەرێم گرینگی زۆر بە چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای دهۆك داوە و لە دەیەوێ ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت".

لەبارەی رێژەی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم لە ئێستادا، وەزیری كارەبا روونی كردەوە: "پێویستی خەڵك لەم وەرزە و مانگی ١٢ لە نێوان ٤٥٠٠ تا ٦٠٠٠ مێگاواتە، ئەو رێژە كارەبایەی هەشمانە ٣٨٠٠ بۆ ٣٨٨٥ مێگاواتە، ئەمەش‌ بۆ یەكەم جارە بەرهەمهێنای كارەبای هەرێم بگاتە ئەم رێژەیە، كە بەمەش لە نێوان ١٠ بۆ ١١ سەعات كارەبا دەدرێت".

سەبارەت بە كەوتنەكاری وێستگەی نوێی كارەباش گوتی: "وێستگەی خەبات ٣٠٠ مێگاواتە، كە ئێستا بەشێك لە كاردایە و ١٦٠ مێگاوات كارەبا دەدات، بەشی دووەمیش تا كۆتایی ئەم مانگە دەكەوێتە نێو تۆڕی گشتییەوە، هەروەها نزیكەی ١٥٠ تا ٢٠٠ مێگاوات كارەبا لە وێستگەی خورماڵەوە دێتە ناو تۆڕی گشتییەوە، بەمەش دەتوانین بڵێین مانگی ١١ و ١٢ی ئەمساڵ ٥٠٠ مێگاوات كارەبا زیاد بووە".

لەبارەی پڕۆژەی كارەبای قەزای زاخۆ و سۆران و وێستگەی دەربەندیخانیش، وەزیری كارەبا ئاماژەی دا: "پڕۆژەی كارەبای سۆران ١١ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە و ئەمڕۆ تەندەر دەدرێت بە كۆمپانیا، پڕۆژەی زاخۆش دوێنێ كرایەوە كە ١١ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلاری بۆ تەرخان كراوە، هەروەها وێستگەی كارۆئاوی دەربەندیخانیش بە دوو قۆناغ كاری لەسەر دەكەین و پارەی بۆ تەرخان كراوە، ٣ ملیۆن و نیو دۆلاریش بۆ كڕینی یەكەیەكی تازە و ١٧٠ ملیۆنیش بۆ چاككردنەوەی بەشی كۆن‌ دابین كراوە".

پەوەست بە بەستنی پێوەری زیرەكیش لە هەرێمی كوردستان، وەزیری كارەبا رایگەیاند: "بەستنی پێوەری زیرەك قۆناغی باشی بڕیوە، لە مانگی ٨ی ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٩٢ هەزار پیوەر هاتۆتە گرێدان لە شاری هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیان و بەردەوامە."

"ماوەیەكمان دیاری كردووە بۆ ئەوانەی زێدەڕۆییان كردووەتە سەر كارەبا تا ٢ ی مانگی ١ی ٢٠٢٠ ئەوەی پێوەری كارەبای نەبێت، دەبێت گرێی بدات، ئەگەر نا هەر چوار پارێزگا هەڵمەتێك ئەنجام دەدەن بۆ لابردنی زیادەڕۆییەكان،" كەمال محەمەد وای گوت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە