ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

پەیامی کورد... ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە و تێیدا

لەپاش کۆبوونەوەکە ڕاگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە بڵاو کرا یەوە ئەمەی خوارەوە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیە: -

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەشنووسی پرۆژە یاسای دەستەی متمانە بەخشین بەدامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای لە هەرێمی کوردستان خستە دەنگدانەوە، پاش هەموارکردن و جێگیرکردنی ئەو تێبینییانەی کە پێشتر لەسەر پرۆژەکە هەبوون، بەکۆی دەنگ پەسەند کرا و بڕیار درا ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ تەشریعکردنی، ئامانج لەم پرۆژە یاسایە، دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانە بەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندن لە ڕێگای دەستەیەکی سەربەخۆوە کە نابێتە جێگرەوەی وەزارەتەکان، بەڵکوو پشتیوانیان دەبن بۆ هاوتەریبکردنی پێوەرەکانی متمانە بەخشین بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە پێناوی دەستەبەرکردنی کوالێتی بەرزیی ئەکادیمیی و زانستی، لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی میکانیزمەکانی پرۆسەی متمانە بەخشین.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر ڕێکخستنەوەی ئەنجوومەنی کاروباری نەوت و گاز و وزە لە هەرێمی کوردستان و پێکهاتە و ئەرکەکانی کرد، لە دوای گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کە باشتر دیراسەی ئەم بابەتە بکرێت و بە میکانیزم و شێوازێک ئەم ئەنجومەنە ڕێک بخرێتەوە کە لە ئاستی بەرپرسیارێتی ئەنجوومەنەکە بێت.

سەرۆک وەزیران هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیی کرد بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشە هەڵپەسێرراوەکانی نێوان هەر دوو لا، لە ناویشیاندا بابەتی نەوت و گاز لە سەر بنەمای دەستووری عێراق، کە بە دەقی ڕوون و ئاشکرا، سنووری دەسەڵاتی هەرێم و دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی دەستنیشان کردووە و بەرپرسیارێتی ئەنجوومەنی نوێنەرانیشە، پشتبەست بە دەستوور، یاسای نەوت و گاز تەشریع بکات کە ببێتە یاسایەکی پشتپێبەستوو لە لایەن هەمووانەوە کە تا ئێستا ئەم یاسایە نییە و بابەتی نەوت و گاز لە عێراق، بە یاسایەکی پشتبەستوو بە دەستوور ڕێکنەخراوە، سەرۆک وەزیران ڕوونیشی کردەوە کە هەم شاندی وەزاریی هەرێم سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقی کردووە و هەم ئاڵوگۆڕیی پێشنیاز وپڕۆپۆزەڵیش بە نووسراوی فەرمی کراوە بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتن و لێکگەیشتنی هاوبەش لە سەر بنەمای دەستوور.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، باس لە بایەخی ڕێکخستنی یاسایی بۆ وەبەرهێنانی کانزایی لە هەرێمی کوردستان کرا لە ڕێگەی گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسایەک بۆ ئەم بابەتە، تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و دوای پەسەندکردنی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ تەشریعکردنی بە ئاراستەی هاندان و مسۆگەرکردنی باشترین وەبەرهێنان بۆ سامانی کانزایی لە هەرێم بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە داهاتەکەی بخرێتەوە خزمەتی گشتی و برەودان بە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی دارایی و بووژاندنەوەی ئابووری هەرێم.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە، سەبارەت بە بەرگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە نێودەوڵەتییەی هەیە. بڕیار درا لایەنە پەیوەندیدارەکان تاو و توێی بابەتەکە بکەن چ بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و چ بە جیا، بە پێی بەرژەوەندیی هاوولاتیانی هەرێم لەو ڕێکارانە بەردەوام بن کە کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا دەبێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لەبارەی زیادبوونی ژمارەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بەداخەوە ئەم دیاردەیە لە هەڵکشاندایە، پێویستە کار لەسەر نەهێشتنی ئەو بیر و فیکرە توندڕەوە بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش، هەڵمەتێک ئەنجام بدرێت لەپێناوی بنبڕ کردنی. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی کرد کە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە دەستگیر دەکەن و ڕاپێچی یاسایان دەکەن. بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەم پرسە ئەنجام بدات بەمەبەستی ڕێکخستنی و دەستپێکردنی ئەو هەڵمەتە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکە و بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکیی حکومیی لە هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەواوکردنی مەرجەکانی بانکی ناوەندی عێراق بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان، کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە بووژاندنەوەی کەرتی بانکی لە هەرێم و ڕێکخستنەوەی سەرجەم بانکەکانی ئێستا لە چوارچێوەی یەک بانکی نیشتمانیی پێشکەوتوو و هاوچەرخ کە ئاسانکاریی بانکیی پێویست بۆ هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت پێشکەش بکات.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە