لە ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنییەکاندا ٢٧ تێرۆریستی داعش کوژران

لە ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنییەکاندا ٢٧ تێرۆریستی داعش کوژران

رائید ھومام سالم عوبێدی، ئەفسەر لە فەرماندەیی فیرقەی نۆی سوپای عێراق ڕایگەیاند کە لە میانی ئۆپراسیۆنێکی پاکسازیکردن کە ھێزە عێراقییەکان لە ناوچەیەکی ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا ئەنجامیانداوە، ٢٧ تیرۆریستی داعش کوژراون.

ئەفسەر لە فەرماندەیی فیرقەی نۆی سوپای عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکی وتی “ھێزێکی ھاوبەش بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگییەکان، ئۆپراسیۆنێکی پاکسازیکردنیان بۆ سەر ناوچەی چیای بادوشی ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بە ئامانجی دۆزینەوە و لەناوبردنی شانە نووستووەکانی داعش ئەنجامدا”.

 عوبێدی هەروەها ووتی “لە میانەی ئۆپراسیۆنەکەدا، ٢٧ تیرۆریست کوژراون، ھەروەھا پێنج حەشارگەش خاپوور کران”.

ئەو ئەفسەرەی سوپای عێراق ئاماژەی بەوەشدا کە ئۆپراسیۆنەکان بۆ سەر حەشارگەکانی شانە نووستووەکانی داعش لە سنووری پارێزگای نەینەوا ھاوکات لەگەڵ ئەو ئۆپراسیۆنانەی کە دژ بە حەشارگەکانی داعش لە سنووری ھەردوو پارێزگای کەرکووک و سەڵاحەددین ئەنجام دەدرێن بەردەوامە.

رائید عوبێدی ڕاشیگەیاند کە ئامانج لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییانە، پاراستنی شارەکانی ئەو پارێزگایانەیە لە ئەگەری ھێرشی تیرۆریستەکان و هەروەها وتی: “ھاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی بە بەردەوام زانیاری لە بارەی دۆزینەوەی شانە نووستووەکانی داعش لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ سووریا بە ھێزە عێراقییەکان دەدات”.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە