پەیامی کورد... به ئامادهبوونی بهرپرسانی ڕووسیا و چین، كۆریای باكور نمایشێكی گهورهی سهربازی كرد
دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بەرپرسانی چین و ڕووسیای پیشان دا کە شان بە شانی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون وەستابوون لە کاتێکدا کە سەیری نوێترین موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکانییان دەکرد لە میانەی نمایشێکی سەربازییدا لە پیۆنگیانگی پایتەختی کۆریای باکوور.
نمایشە سەربازییەکە لە یادی 70 ساڵەی کۆتایی هاتنی جەنگی کۆریادا بوو، کە کۆریای باکوور وەکو " ڕۆژی سەرکەوتن " یادی دەکاتەوە.
لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە لە ساڵی 1991 دا ئەمە یەکەمین جارە وەزیرێکی بەرگری ڕووسیا سەردانی کۆریای باکوور بکات. هەروەها یەکەمین سەردانی شاندەکەی چین بوو لە دوای پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە.
دەرکەوتنی بەرپرسانی باڵای ڕووسیا و چین لەو بۆنانەی کۆریای باکووردا کە موشەکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەی تێدا پیشان دەدرێت، کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قەدەغە کراون، پێچەوانەی ساڵانی پێشوو بوون، مۆسکۆ و پەکین لە ڕابردوودا هەوڵییان داوە خۆیان بە دووربگرن لە بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور.
بەپێی دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور، لە نمایشەکەدا هەریەک لە موشەکە کیشوەربڕەکانی هواسۆنگ – 17 و هواسۆنگ – 18 پیشاندراون. باوەڕوایە ئەو موشەکانە بتوانن بگەنە هەر شوێنێکی ئەمەریکا.دەزگاکە وتی لە نمایشەکەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نوێیە هێرشبەر و سیخوڕییەکانیش پیشاندراون.
دەزگاکە وتی کیم میوانداری شوێگۆی کردووە و بەڵێنی هاودەنگیداوە لەگەڵ گەل و سوپای ڕووسیادا. شوێگۆ ستایشی سوپای کۆریای باکووری کردووە وەکو بەهێزترین سوپا لە جیهاندا، هەروەها باسییان لە هاریکارییە ستراتیژییەکانی نێوانییان کردووە لە ڕووی ئاسایش و بەرگرییەوە.
بەپێی دەزگاکە لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا شوێگۆ نامەیەکی پیرۆزبایی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنی خوێندۆتەوە کە تێیدا سوپاسی کۆریای باکووری کردووە بۆ پشتیوانییەکانی لە ماوەی " ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی " ڕووسیادا لە ئۆکرانیا.
ئەمەریکا دەڵێت کۆریای باکوور چەک و تەقەمەنی بە ڕووسیا دەدات لەم کاتەی هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکەکەی داگیرکردووە. جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڤیدانت پاتێل ڕۆژی پێنجشەممە وتی ئەمەریکا " زۆر نیگەرانە " سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور.
کۆریای باکوور و ڕووسیا ڕەتییان کردۆتەوە گواستنەوەی چەک لە نێوانییاندا هەبووبێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە