پەیامی کورد … تەقینەوەیەک لە شاری بانە دوو کوژراوی لێکەوتەوە
لە شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی تەقینەوەی کەرەستەی یارییە ئاگرینەکان دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.
سالار بوستامی بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی بانە بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای راگەیاندووە، کاتژمێر ٩:٣٠خولەکی شەوی رابردوو بە کاتی ئێران، لە گەڕەکی بانەکۆنی بانە، تەقینەوەیەک روویدا و بەوهۆیەشەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لە گیان لەدەستدانی ئەو دوو کەسە، تەقینەوەیەک بووەتەهۆی داڕمانی خانوویەک بەتەواوەتی و زیانیشی بە خانووەکانی دەورووبەری و چەند ئۆتۆمبێلێک گەیاندووە.
بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکانی بانە، ڕووداوەکە کاتێک روویداوە کە ئەو دوو کەسە سەرقاڵی دروستکردنی کەرەستەی تەقەمەنی بوون بۆ یارییە ئاگرینەکان لە ڕۆژانی چوارشەممە سووری و نەورۆزدا.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دواین چوارشەممەی ساڵ بە چوارشەممە سووری ناسراوە و ئێوارەی ئەو ڕۆژە خەڵک بە ئاگرکردنەوە و یاری ئاگرین خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن، کە زۆربەی کات بەوهۆیەوە ژمارەیەک کەس گیان لەدەستدەدەن و برینداردەبن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە