پەیامی کورد ... لە چەند رۆژی ڕابردوودا تیرۆریستانی داعش ژمارەیەك كردەوەی تیرۆریستییان لەناو سەنتەری شاری كەركووكدا ئەنجام دا، بەڕێوبەری ئاسایشی كەركووكیش پێی وایە، داعش لەنێو شاری كەركووكدا خۆی ئامادە كردووە و ھێزە ئەمنییەكانی شارەكەش ھیچ پلانێكیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلانەكانی داعش نییە.
عەمید ئیدریس رەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك، رایگەیاند: "ڕەوشی ئەمنی شاری كەركووك ئاڵۆزە و ھۆكارەكەی بەشێكی بۆ بێدەسەڵاتیی دەزگا ئەمنییەكانی ئەو شارە دەگەڕێتەوە، ڕۆژانی ڕابردوو ژمارەیەك كردەی تیرۆریستی لە نێو شاری كەركووك روویان دا و چەند تەقینەوەیەك ئەنجام دران و ھێرشیش كرایە سەر ھێزەكانی عێراقی لە بەردەم نەخۆشخانەی ئازادی، كە ژمارەیەك شەھید و برینداری لێ كەوتەوە".
بەڕێوبەری ئاسایشی كەركووك گوتیشی: "داعش بە شێوەیەكی باش توانیویانە خۆیان رێك بخەنەوە، بە تایبەتی لە سنووری قەزا و ناحیەكانی كەركووك بە شێوەی پارتیزانی بەنێو ناوچەكەدا دەگەڕێن و دەستی خۆیان دەوەشێنن، لەنێو سەنتەری شاری كەركووكیش شانەی نوستووی زۆری ھەیە، هەروەها بەپێی زانیاری ئێمە لە گەڕەكەكانی ناوەڕاست و خوارووی كەركووك تیرۆریستانی داعش خۆیان بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆرستی ئامادە كردووە".
رەفعەت روونیشی كردەوە: "ئەو ھێزانەی لە كەركووكن و مەلەفی ئەمنیی شارەكەیان بەدەستەوەیە، خەڵكی ئەو ناوچەیە نین، لەبەر ئەوەش ھیچ پلانێكی ئەوتۆیان بۆ پاراستنی كەركووك و رەوشی ئەمنیی شارەكە نییە، خەڵكێك لە ئەندامانی ھێزە ئەمنییەكان لە دەرەوە ھاوردە كراون و باوەڕیان بە كۆنتڕۆڵكردنی رەوشی ئەمنیی كەركووك نییە، ھەر ئەوەش ھۆكارە ھاووڵاتیانی دانیشتووی كەركووك ھاوكار نەبن لەگەڵ ھێزە ئەمنییەكانی ئەو شارە و ھیچ ھەمانگییەك لە نێوان دەزگا ئەمنییەكان و ھاووڵاتیاندا نییە لە كەركووك".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە