سەرۆک بارزانی داواكارییه‌ك ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌كان ده‌كات

سەرۆک بارزانی داواكارییه‌ك ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌كان ده‌كات

پەیامی کورد     ...   مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامێكی پیرۆزبایی به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زانه‌وه‌ داواده‌كات، له‌پێناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دییات و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ گشت لایه‌نه‌كان له‌بری یه‌كترشكاندن و دروستكردنی گرژی و ناكۆكی زیاتر، هاوكاری یه‌كتر بن.
ده‌قی په‌یامی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زان

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌ و میهره‌بان
به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پیرۆزه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی موسڵمانانی جیهان و عێراق به‌ گشتی و موسڵمانانی كوردستان به‌ تایبه‌تی ده‌كه‌م. پیرۆزبایی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان له‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هه‌روه‌ها كارمه‌ندانی ده‌زگا ئه‌منی و ته‌ندرووستییه‌كانی كوردستان و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌م كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوو له‌پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تی هاووڵاتیان زه‌حمه‌ت و شه‌ونخونیی زۆریان بینیوه‌.
به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی په‌تای كۆرۆنا و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و دۆخی خه‌راپی ئابووری ناوخۆیی و جیهانی، هه‌رێمی كوردستان له‌ دۆخێكی ناهه‌موار و هه‌ستیار و له‌به‌رده‌م ته‌حه‌ددیاتی تازه‌دایه‌. جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانم كه‌ داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م، له‌پێناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دییات و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ له‌ ئاست به‌رپرسیارێتیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیدا بن و ڕێگه‌ی ته‌بایی و برایه‌تی و یه‌كڕیزی بگرنه‌ به‌ر. داوا له‌ گشت لایه‌ك ده‌كه‌م له‌بری یه‌كترشكاندن و دروستكردنی گرژی و ناكۆكیی زیاتر، پێكه‌وه‌ و بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی خه‌ڵك و نه‌هێشتنی كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م گه‌لی كوردستان هاوكاری یه‌كتر بن. ئه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی خه‌ڵكی كوردستانه‌ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هه‌رچی ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كوردستانیش هه‌بووه‌ له‌ سایه‌ی یه‌كڕیزی و هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی لایه‌نه‌كان هاتووه‌ته‌ كایه‌وه‌. له‌وه‌یش دڵنیام كه‌ گه‌لی كوردستان پشت به‌ خودای گه‌وره‌ به‌ سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ ناخۆشی و قه‌یرانه‌كان تێده‌په‌ڕێنێت.
له‌و بۆنه‌ پیرۆزه‌دا هیوای خۆشی و به‌خته‌وه‌ری بۆ گشت هاووڵاتیانی خۆشه‌ویستی كوردستان ده‌خوازم و ئومێدی ئه‌وه‌ ده‌خوازم خودای گه‌وره‌ ڕۆژوو و عیباده‌تی هه‌موو موسڵمانانی قبووڵ كردبێت و ئه‌و جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ كۆتایهاتنی تیرۆر و نه‌خۆشی و نه‌هامه‌تییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و ئاشتی بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی.
مسعود بارزانی
٣٠ـی ڕه‌مه‌زانی ١٤٤١ـی كۆچی
23ـی 5ـی 2020ـی زایینی

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە