پەیامی کورد - پەرلەمانتاری پارتی سۆسیاڵ دیموکراتی سویدی لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ئەڤین ئینجیر، یەکێک لە سیاسییە سەرکەوتووەکانی کوردانی تاراوگەیە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی. ئەڤین ئینجیر لە تەمەنی 6 ساڵیدا لەگەڵ خانەوادەکەی چووەتە سوید، ئەو دەڵێ لە تەمەنی 14 ساڵیدا بە نیازی ئەوەی وەرچەرخان بهێنێتە ئاراوە چووەتە نێو سیاسەتەوە. ئەڤین ئینجیر وەکو ئەندامی گەنجانی نێودەوڵەتی بەشداریی لە چەندین کۆبوونەوەدا کرد و نوێنەرایەتیی سوید و کوردستانیشی کرد. ئاماژە بەوە دەکات کە رەنگێکی بە سیاسەتکردنی کوردانە داوە و دەوڵەمەندییەکی پێ بەخشیوە، هەروەها لە ژێر ئەو ناسنامەیەدا رۆڵی گێڕاوە لە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافی ژنان بەتایبەتی.
لەگەڵ پەرلەمانتاری پارتی سۆسیاڵ دیموکراتی سویدی لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ئەڤین ئینجیر، باسمان لە چوونی بۆ ناو سیاسەتی ئەوروپا لە تەمەنێکی گەنجیدا، کارەکانی لە نێو پەرلەمانی ئەوروپادا، شێوازی خوێندنەوەی کورد لە سیاسەتی ئەوروپادا، رەهەندی کاریگەریی چالاکییەکانی کورد لە ئەوروپا و وێنەدانەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا و تێڕوانینی ئەوروپا لەبارەیەوە کرد.
کاتێک چوومە سوید تەمەنم 6 ساڵان بوو. من لە ئامەد چاوم بە دونیا هەڵهێنا بەڵام لە سوید گەورە بووم. لە تەمەنی 14 ساڵیدا بریارمدا و چوومە نێو ریزەکانی باڵی گەنجانی پارتی سۆسیال دیموکراتی سویدیەوە، لەوێوە دەستم بە سیاسەت کرد. بە گشتی بەرامبەر ئەو ناحەقی و نادادپەروەرییەی بەتایبەتی بەرامبەر کورد دەکرا، وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو جموجووڵەی لێرە و لەوێ دەکرا، من دیسانەوە ویستم ئەمە بگۆڕم، هەر بۆیە سەرەڕای ئەوەی لە تەمەنێکی بچووکدابووم، بە دروستم زانی برۆمە نێو سیاسەتەوە.
لە پارتی سۆسیاڵ دیموکرات دەرگاکان بۆ کوردێک کە بیەوێت سیاسەت بکات تا دوایین راددە واڵا بوو ئێستاش هەر وایە. لەڕاستیدا هەڵوێستەکانی ئەو پارتە بەرامبەر کورد زۆر ئەرێنی و باشە. ئەوان کوردان بە کەسانێکی چالاک و باش دەبینن. ئەوکاتەی من چوومە نێو ئەو پارتە رێژەی بەشداریکردنی ژنانی کورد و پیاوانی کورد لەو پارتەدا یەکجار نزم بوو، بەڵام دواتر ئەو بەشداریکردنە زۆر بەرزبووەوە. هەروەها هیچ ئاستەنگێک لەبەردەمم دروستنەکرا بۆ بەشداریکردنم لەو پارتە و سیاسەتکردنم. بە پێچەوانەوە هەمیشە بۆ ئەوەی بە چالاکانەترین و باشترین شێوە کارا بم لە سیاسەت ئەوەی لەدەستیان دەهات بۆیان دەکردم. ئێستاش بەردەوامن لەو پشتیوانییە.
نێوانی کوردانی سوید لەگەڵ سیاسەت چۆنە؟ وەکو ئێوە بەشداری لە سیاسەتدا دەکەن؟
هەڵبەتە شوێن لە سیاسەتدا دەگرن و بە شێوەیەکی کارا بەشداریکردن هەیە. بۆ نموونە لەو پارتەی ئێستا من لێی ئەندامم 3 ئەندام پەرلەمانی کورد لە پەرلەمانی سوید هەن. منیش لە هەمان پارتدا ئەندام پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپام. واتا لایەنی کەم ئێمە وەکو 4 کوردی پەرلەمانتار لە پارتی سۆسیال دیموکراتی سوید چالاکین. جگە لەمانەش ژمارەیەکی زۆر ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتی سویدی هەن کە کوردن.
کوردان لە سوید زیاتر دەیانەوی لە ریزی پارتی سۆسیال دیموکرات کار بکەن یاخود زیاتر لە گەڵ پارتە چەپڕەوەکاندا درێژە بە سیاسەت بدەن. ئێمە وەکو کورد زیاتر لەگەڵ ئەو پارتانەداین کە مافی کورد بە رەوا دەزانن و لە پرسی کورددا هەڵوێستی ئەرێنییان هەیە و داکۆکیکارن. لە دیدی کوردانەوە گونجاوترینەکان بۆ ئەم پێوەرە، سۆسیال دیموکرات و پارتە چەپەکانە. تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەو پارتانە ئەوەیە لە بابەتی مافەکانی ژناندا چالاکتر و بە هەڵوێستترن. بە شێوەیەکی سروشتی بۆ ئێمە سیاسەتکردن لەو پارتانەدا هەم لەڕووی ناسنامەی نەتەوەیی و هەمیش لەڕووی ناسنامەی جێندەرییەوە بە دروست دەزانین.
بێگومان. هەمیشە باس لەوە دەکرێت کە کوردان خاوەن توانایەکی باشن بەهۆی دەنگەکانیان. ئاماژە دەکرێت کە نزیکەی 180 هەزار کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان لە سوید دەژین. ژمارەی کۆی دانیشتوانی سوید خۆی نزیکەی 10 ملیۆن کەسە کە لە ناو ئەو 10 ملیۆنەدا 180 هەزار ژمارەیەکی کەم نییە. ئەم ژمارەیە پێگەیەکی باش بۆ کوردانی وڵاتەکە فەراهەم دەکات.
هیچ پرۆگرامێکی تایبەتیان بە کوردانی ئەوروپا نییە. بەڵام بە گشتی بۆ کوردان و کوردستان پرۆگرامی تایبەتیی خۆیان هەیە. بەتایبەتی بۆ ئەو پارتانەی لە 4 پارچەی کوردستاندا چالاکییان هەیە، لە پەیوەندیی دیپلۆماسیی بەهێزدان.
ئەوروپا و سوید لەم دۆخەدا ئیدی کوردان زۆر بە باشی دەناسن. من لەو ساڵانەی کە هاتمە سوید ئەمە بە باشی دەزانم. کاتێک دەتگوت کوردم، خەڵکی سوید بە ئەوروپاشەوە نەیاندەزانی! بەڵام ئەمڕۆ لە سوید و ئەوروپاشدا ئەوانەی سیاسەت دەکەن یاخود نایکەن، هەر لەڕێگە لە هەر کێ بپرسیت، کورد دەناسن و بۆچوون و هەڵوێستی ئەرێنی و باشیان لەبارەیەوە هەیە. بەڵام لەبارەی راستەقینەکان و هەڕەشەکانەوە زانیاریی زۆر وردیان نییە. ئەوان دەرفەتی باشیان بۆ دروستبوو لەکاتی شەڕی داعش و بەرەنگاربوونەوەی کورد لەگەڵ داعشدا کوردان زیاتر بناسن و بە قارەمانێتییەکانی رووبەڕووبوونەوەی داعش بیانبینن. جا لەمەوە خۆشەویستییەک و سۆزێکی زیاتریان بۆ کوردان پەیداکرد. بەتایبەتیش بە بەردەوامی باس لە کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە دەکەن. بەڵام ناتوانین بڵێین لەبارەی چۆنێتیی ژیانی کوردان و جوگرافیاکەیانەوە خاوەن زانیارییەکی وردن. بەڵام ساڵانە 16ی ئادار، هەموو پارتە سیاسییەکان بەشداری لە یادی هەڵەبجەدا دەکەن و راگەیەندراو بڵاودەکەنەوە. بەتایبەتی لە بابەتی دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوەدا هەڵوێستەکانی خۆیان دەخەڕوو. لە دۆخی هەنووکەییدا بەداخەوە کە لەمە زیاتر بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ نییە.
ئەمە بۆچوونێکی دروستە، تەنیا ئاراستە میلیتاریستەکە بە بنەما وەردەگیرێت. بەڵام من لەو بڕوایەدام کە لەم دواییەدا چەند گۆڕانکارییەک روویانداوە. بەتایبەتی لەم دواییەدا لە پەیوەندییەکانی پارتە سیاسییەکانی باشوور و رۆژئاوادا هەنگاوی زۆر باش نراوە و گۆڕانکاریی زەق لە ئارادایە، بەر لە شەڕی داعش هیچ زانیارییەک لەبارەی کوردستانی رۆژئاوا لە ئارادا نەبوو. لەکاتێکدا ئێستا ئەم دۆخە بە تەواوەتی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. بەگوێرەی بۆچوونی خۆم، لەمەودوا پارتەکانی هەر 4 پارچەی کوردستان لە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماتییەکانیاندا دەکەونە پەیوەندییەکی بەهێزتر لە جاران، ئەمە هەم لەلایەن پارتە سیاسییەکانی سوید و هەمیش لە لایەن پارتە سیاسییەکانی ئەوروپا بە گشتی. ئەم بابەتە وەها بەردەوام دەبێت و بە شێوەیەکی ئەرێنی بەرەو پێشکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت. بۆ نموونە؛ کاتێک ئێمە لە پەرلەمانی ئەوروپادا لەسەر بابەتی سووریا کۆدەبینەوە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی رۆژەڤ بەرەو دۆخی رۆژئاڤا دەچێت و هەمووانیش لە بابەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ کوردستانی رۆژئاڤا هاوبۆچوونن. ئەم دۆخە بە بڕوای من لە قۆناغەکانی داهاتوودا روونتر و ئاشکراتر دەبینرێت.
هەڵبژاردنەکان لە ئایاری 2019 بوو. پارتەکەمان بڕیاریدا لیستی ئەو بەربژێرانە دروست بکات کە دەتوانن لە هەڵبژاردندا رکابەری بکەن و دەنگی کاریگەریان هەبێت. زۆر کەس بۆ ئەوەی لەو لیستەدا ناوی هەبێت فۆرمی پڕکردەوە. بڕیاری خۆم سەبارەت بە کارکردن لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا و سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2009 دەگەڕێتەوە. بەتایبەتی لەو کاتانەی لە باڵی گەنجانی پارتەکەمدا کارمدەکرد زۆر چالاک بووم. جا پارتەکەشم ئەمەی بینی و رێزی لەو هەوڵ و ماندووبوونەم گرت. ئەوەبوو راوێژیان لەسەر ئەوە پێکردم کە ئایا رای من سەبارەت بە هەڵبژێردرانم بۆ لیستی کاندیدانی پەرلەمان چیە. ئەوەبوو منیش وەڵامێکی ئەرێنیم لە بابەتەکەدا بە ئەوان دایەوە. دواتر باسیان لەوە کرد کە ئایا چی دەڵین لە پێگەی 5 کورسیەکەدا رکابەری بکەیت؟ منیش پێمگوتن کە متمانەم بەخۆم هەیە بەدەستی بهێنم. چییە ئەو 5 کورسییە؟ ئەو 5 کورسییەکە بارستایی پارتی سۆسیال دیموکراتی سویدییە لە پەرلەمانی ئەوروپادا. لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین ئەو شتەی لە سەری زمانماندا بوو ئەوەبوو کە داکۆکی لە مافی مرۆڤ بکرێت هەم لە ئەوروپا و هەمیش لە دەرەوەی ئەوروپا، هەروەها دیموکراسیەت بابەتێکی سەرەکیی دیکە بوو. ئەوکاتە باسم لەوانە دەکرد و ئێستاش هەموو توانای خۆم خستووەتە گەڕ بۆ جێبەجێکردنی ئەوانەی باسم لێوە کردوون.
ژنانی کورد کاتێک لە سیاسەتدا هەنگاو دەنێن هەم چالاکن هەم راست و دروستن و هەمیش لە پێگەی باشدا دەبینرێن. لەم نێوەندەدا پارتە سۆسیال دیموکرات و چەپەکان کە هەم گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ دەدەن و هەمیش گرنگی بە مافی کورد دەدەن ئەو راست و دروستی و چالاکییانەی ژنانی کورد دەبینن و نرخی بۆ دادەنێن و هەڵیدەسەنگێنن. ئەسڵەن ئەو پارتانەی باسیان لێوە دەکەن لە بابەتی مافەکانی کورد و کوردستاندا هەڵوێستی زۆر ئەرێنییان هەیە. جگە لەمەش ئەو پارتانە هەر خۆیان لە بابەتەکانی مافی ژناندا هەستیارییەکی زۆریان پلەباڵایان هەیە. ئێستا ئەوان هەوڵ و کۆششەکانی ژنانی کورد لەپێناو مافەکان بە باشی دەبینن و رێزیشی لێ دەگرن.
بێگومان هەم پەیوەندییەکانمان و هەم پێکبەستەییمان زۆر بەهێزە. لە بابەتی کورد و کوردستاندا لە پەرلەمانی ئەوروپا گرووپیکمان هەیە. من و ئۆزلەم دەمیر هەردووکمان لە نێو ئەو گرووپەین. چەند پەرلەمانتارێکی دیکە هەن کە سەرەڕای ئەوەی کوردیش نین بەڵام لە نێو گرووپەکەدان. ئەوان زیاتر دۆستانی کوردن و سیاسەتکردن لەپێناوی کورد و کوردستان بە شەرەفێکی مەزن دەزانن.
یەکێک لەو کۆمیتانەی لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپادا هەیە کە منیش تێیدا ئەندامم، کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیە. ئەو کۆمیتەیە هەروەک چۆن پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەخاتە بەر باس پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیاش دەخاتە بەر باس. ماوەی هەفتەیەک لەمەوبەر راپۆرتی دوایین دۆخی تورکیامان پێشکەش کرد و چاوەڕی دەکرێت لەم ماوەیەدا پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا بابەتەکە لە کۆبوونەوەی پەرلەمانیدا تاوتوێ بکات. لەو راپۆرتەی پێشکەشمان کرد تابلۆی مافەکانی مرۆڤمان لە تورکیا خستەڕوو و پێشیلکارییەکانمان باس لێوە کردن. لە ئەگەری بەردەوام بوونی تورکیا لە بابەتی مافەکانی مرۆڤ ، یەکێتیی ئەوروپا چ هۆکارێکی هەیە بۆ ئەوەی نەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا بەردەوام بکات، هەموو ئەمانەشمان پێشکەش کرد. چونکە بەداخەوە ئەمڕۆ دەبینین دۆخەکە زۆر خراپتر و خراپتر دەبێت. ئەم دۆخە لە تورکیادا بەرامبەر کوردان و کەمایەتییەکانی دیکە پەیڕەو دەکرێت. بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەمە بەرامبەر چینێکی دیاریکراو لە خەڵکانی تورکیاش پەیڕەو دەکرێت. هەفتەیەک لەمەوبەر وەکو چاودێری "دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ'' و پشتیوانیکردن لە هەدەپە لە ئەنقەرە بووم. ئامانجمان لەو سەردانە ئەوە بوو کە ئەم پەیامە بە ئەردۆغان بدەین و بڵیین؛ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا، بەتایبەتیش ئەو ناحەقییانەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت قەبووڵ ناکەین و لەمەودواش ئەمە قەبووڵنەکراوە. لەم بابەتەدا ئەم پێشنیازەمان بە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا دا؛ ئەگەر بێت و دۆخی هەنووکەیی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیادا بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا پێویستە پەیوەندییەکانی بە تەواوی لەگەڵ تورکیا بپچڕێنێت.
لە زۆر بابەتدا پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا و دامەزراوەکانی دیکە دەسەڵاتی ئەوەیان نییە لەخۆیانەوە بڕیار دەربکەن. چونکە سیاسەتی ئەو وڵاتانەش کە لە یەکێتیی ئەوروپادا ئەندامن زۆر جار دۆخەکە دیاری دەکات و رۆڵی دەبێت.
واتا ئەو بریارەی پەرلەمان و دامەزراوەکانی سەر بە یەکێتیی ئەوروپا دەریدەکەن پێویستە لەلایەن ئەو وڵاتە ئەندامانەوە پشتڕاست بکرێتەوە. ئێمە وەکو پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لە بابەتی هەڵسوکەوت و تێڕوانین لە دۆسیەکاندا زۆر روون و ئاشکراین. بەتایبەتی لە بابەتی نەهێشتنی پێشێلکارییەکان و چاککردنەوەی دۆخە نەخوازراوەکاندا بە بێ هیچ دوودڵییەک بڕیار دەدەین و هەنگاو دەنێین بۆ ئەوەی بزانین چی دەکەین و چی پێویستە بیکەین. بەڵام لە بابەتی بڕیار لەبارەی تورکیاوە بەشێک لەو وڵاتانە ناچارن بە شێوەیەکی زۆر هەستیارانە بابەتی کۆچبەران لەبەرچاوبگرن لەکاتی بریاردان لەسەر تورکیا. هەروەک گوتم ئێمە وەکو پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا بۆچوونەکانمان بە شێوەیەکی ئاشکرا و روون دەخەینە ڕوو. لەم رووەوە هەنگاوی وەها دەنێین کە حکومەتی وڵاتانیش هان بدەین، وا دەکەین واز لە سیاسەتی تاکتیکی بهێنن و دەست بە هەنگاوی کردەیی بکەن.
من وەکو خۆم لەم بابەتەدا لەگەڵ زۆرێک لە پەرلەمانتاران داوای دانیشتنی پەرلەمانیمان لەبارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و بەتایبەتیش پێشێلکارییەکانی دژی کورد کرد. هەروەها وامانکرد بابەتی سێدارە و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە جددی هەڵوەستەی لەسەر بکرێت و بخرێتە گفتوگۆوە. داواشمانکرد پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا هەڵوێستی جددی لەسەر بابەتەکە هەبێت. بەڵام راستییەکە هەیە کە ئەمەیە؛ دەتوانم بڵێم لە 4 پارچەکەی کوردستان کەمترین گفتوگۆ و باس لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر پارچەی رۆژهەڵات بووە.
گرووپێک لە پەرلەماندا هەیە کە داکۆکی لە تەواوی کوردان دەکات و بە هەمان هەستیارییەوە مامەڵە لەم بابەتە دەکات. جگە لەمانە بوونی دوو گرووپی جیاوازیش راستە. لەڕاستیدا بوونی سیاسەتی جیاواز و گرووپی جیاواز دۆخێکی ئەرێنییە. جگە لەمەش ئەوان زیان بەیەکدی ناگەیەنن. چونکە دەنگی جیاواز بیرۆکەی جیاواز بەرهەمدەهێنێت. من لەو گرووپانەدام. بەداخەوە لەم دواییانەدا بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تەواوی جیهانی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆی، نەمانتوانی لەو گرووپانەدا وەکو ئەوەی دەمانویست کار بکەین. بەڵام لەو بڕوایەدام دوای کەمبوونەوەی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرووپەکانمان بە توانا و هێزێکی زیاترەوە کارا دەبنەوە و دەستبەکارەکانیان دەکەن.
بێگومان. دەمەوی دووبارە ئەمە بڵیمەوە کە هەر پارتیکی سیاسی بەو ئایدۆلۆژیایە جیاوازەی هەیەتی دەوڵەمەندییەک بۆ بابەتەکە زیاد دەکات. یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێ لە بابەتە نەتەوەییەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی کورددا بزووتنەوەیەکی هاوبەش لە سیاسەتی کورددا ببینێت. چونکە یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ سەقامگیریدایە و سەقامگیریش سەرچاوەی هێزە. لەم رووەوە کۆبوونەوەی کوردان لە بازنەیەکی هەماهەنگی و زەمینەیەکی وەهادا زۆر زۆر گرنگە. کوردان بەو کولتوورە دەوڵەمەندە و بەو مێژووە دێرینەی هەیانە، یەکێکن لەو گەلانەی کە نزیکیی زۆریان لە دیموکراسیەت هەیە. بەڕای من لە دۆخێکی وەهادا هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم سیاسەتی دیموکراتیانەی پارتە سیاسییەکانی کورددا نییە. منیش لە نێو ئەو گرووپانەی باستانکرد ئەندامم و زۆریش باشە.
ئایا ئەم گرووپانە ئەو بابەتانە هەڵدەبژێرن و دەهیننە پێشەوە کە لەبارەی کوردەوە لە رۆژەڤدایە؟
بەتایبەتی ئەوەیە کە ئایا دەتوانین چ کارێکی ئەرێنی و پۆزەتیڤ بۆ کورد و کوردستان بکەین؟ گفتوگۆ دەکەین لەسەر ئەوەی کە ئایا دەتوانین لە کام بابەتدا پشتیوانی لە کورد بکەین. هەروەها هەوڵدەدەین و گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەین کە ئایا دەتوانین چ ستراتیژێک پەیڕەو بکەین کە لە بەرژەوەندیی خەڵکانی کوردستاندابێت. وەنەبی ئەمە هەر تەنیا لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا ئەنجام بدەین، بەڵکو لە تەواوی گۆڕەپان و پلاتفۆرمەکانی یەکێتیی ئەوروپا دەکەین. تەنانەت دەتوانم ئەمە بڵیم کە گرووپی دۆستانی کورد لە پەرلەماندا گەورەترین گرووپە.
هەڵبەتە هەموو پارتە سیاسییەکان خۆشەویستی و دڵبەندییان بەرامبەر بە کوردان هەیە، بەڵام زیاترینیان پارتە چەپەکان و پارتە سۆسیاڵ دیموکراتەکانن و لە پارتی سەوزەوە بە هەمان شێوە ئەو هەڵوێست و بۆچوونە جێی باسە. بێگومان لە بۆچوونەکاندا لە هەندی بابەتی وەکو پارچەکانی کوردستاندا جیاوازی لە هەندی بۆچوونەکاندا هەیە. بۆ نموونە لە بابەتەکانی باشووری کوردستان یانیش باکوور، رۆژئاڤا و رۆژهەڵاتدا جیاوازی لە بیرکردنەوەکاندا هەیە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بیرکردنەوە و تێڕوانی لە کۆی بابەتی کورددا ئەرینی و پۆزەتیڤە. لێرەدا راستییەک هەیە؛ ئەگەر ئە هەڵوێست و بۆچوون و تێڕوانینە ئەرینییانەی ئەو پارتانە لەبارەی کورد نەبووایە، ئیمەش چانسمان نەدەبوو لە ژێر بنمیجی ئەم پەرلەمانە و بە گشتیش لە ئەوروپادا بە ئاسوودەیی سیاسەت بکەین.
هەڵبەتە گفتوگۆ لەسەر ئەمە دەکەن و هەرێمی کوردستان وەکو نموونەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینن. ئەوان بەهۆی بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەخۆگرتنی پەنابەران و پاراستنیان، هەڵوێستی دیموکراسیانە بەرامبەر ئەو خەڵکە فرەڕەنگەی لە هەرێمی کوردستاندا دەژین رێز لە ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرن. سیاسەتی گەلانی ئەوروپا و بەتایبەتیش وەک پێویستییەکی دیموکراسی و کولتووری ژیانی پێکەوەیی کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری، سوریان، کلدان، شەبەک و ئەوانیتر، هەروەها لەکاتێکدا موسڵمان، کریستان و مەزهەبە جیاوازەکان بە بی کێشە لەگەڵ یەکدیدا هەڵدەکەن، ئەمە بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی لە ئەوروپاوە سەرسامیان بن. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەندێ دەوڵەتی دێرین کە ساڵانیکە دەوڵەتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبینین کێشەی زۆریان لەگەڵ ئەم فرەڕەنگییەدا هەیە، بەجۆرێک کێشەکانیان لە چارەسەرەوە دوورە. ئەمە بەو مانایە دێت؛ ئایا هیچ کێشەیەک لە ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا نییە؟ بەڵێ کێشەی گەورەش هەیە. بەڵام بە بەراوردکردنیان لەگەڵ کێشەی وڵاتانی ناوچەکە ئەوە نین کە چارەسەر نەکرێن یان چارەسەرکردنیان مەحاڵ بێت.
من پێشتریش هاتمە هەرێمی کوردستان. هەم 3-4 جاریش. دوای دۆخی کۆرۆناش لە بەرنامەمدایە جارێکی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەم. لەڕاستیدا ماوەیەک لەمەوبەر لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپادا باسمان لەوە دەکرد لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێک سەردانی هەرێمی کوردستان بکەین و لەوێشەوە برۆینە رۆژئاڤای کوردستان. بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە رێگر. هێشتا لە پلانماندایە کە دوای هێوربوونەوەی دۆخی کۆرۆنا ئەم بیرۆکەیە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا گفتوگۆیەکی بەرفراوان لەسەر تورکیا و ئەو هێزە دەرەکییانەی سووریا و رۆژئاڤای کوردستان کرا کە رۆڵی خراپیان لە ناوچەکە گێڕاوە. بەتایبەتی بە وردی هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەوە کرد کە تورکیا پشتیوانیی لە داعش کرد کە ماوەیەکی درێژ ناوچەکە و جیهانی خستبووە ژێر هەڕەشەوە، تورکیا هاوکاریی کردن لە چوونیان بۆ ناوچەکە. جگە لەوە گفتوگۆیەکی دوورودرێژمان لەسەر تورکیا کرد بەو سیاسەتانەی کە خەڵکی خۆی و ناوچەکەی خستووەتە ژێر پێشێلکارییەکی زۆرەوە. جا لێرەوە قەناعەتی ئەوەمان دروستکرد کە تورکیا دەبێت هەڵوێستیکی شایستەی لە دژ نیشان بدرێت، ئەوەبوو لە ئەنجامدا ئەو بریارانە دەرکران.
لەو بڕوایەدام بە شێوەیەکی ئەرینی کاریگەری لەسەر دروستدەکات. ئەگەر یەکێتیی ئەوروپا و زلهێزانی دیکەی جیهان هەڵوێستی پێویستیان بەرامبەر تورکیا نیشان بدایە کە پێشیلکاری بەرامبەر بە گەلەکەی خۆی و گەلانی دیکەدا دەکات، ئێستا تورکیا ئەم هەنگاوانەی نەدەنا و ئەو بوێرییەی نەدەبوو. بێگومان ئەردۆغان وادەزانێت لە بابەتی کۆچبەراندا دەست و پێی ئەوروپاییەکانی بەستووەتەوە، بەڵام ئەوە مەحاڵ نییە کە لە هەر ئان و ساتێکدا رووبەڕووی هەڵوێستی توندی یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببێتەوە و تەواوی باجی ئەو کارانە بدات کە ئەنجامی داون. هەر بۆیە ناتوانێ ئاسوودە هەڵسوکەوتبکات.
بەڵێ ئەمە کارەساتێکی گەورەیە، لەبارەی عەفرینیشەوە وەکو پەرلەمان چەند جارێک کۆبوونەوەی گەورەمان ئەنجامدا و گفتوگۆی جددیمان لەسەر بابەتەکە کرد. چونکە بەڕاستی ئێستا دۆخێکی وەها لە عەفرین هەیە کە دەتوانین بڵێین درامیکی کارەساتبارە. لەڕاستیدا یەکێک لەو شارانەی کە زۆرترین گفتوگۆی لەسەر کراوە عەفرینە. بەتایبەتی ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر ژنان و کچانی کورد کراوە و ئەو جیاکارییە رەگەزییەی پێیانکراوە زۆر جار بووەتە رۆژەڤ.
وەکو پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا راستەوخۆ پەیوەندیمان لەگەڵ رۆژئاڤای کوردستان هەیە. رۆژئاڤای کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا یانیش لە بروکسل نوێنەرایەتیی هەیە یان نا، من زانیاریی تەواوم لەسەر ئەمە نییە. من راستەوخۆ پەیوەنیم لەگەڵ دامەزراوەکانی رۆژئاڤای کوردستان هەیە و هیچ کاتێکیش ئەمەم نەپرسیوە. بۆ ئەوەی کە ئایا نووسینگە لێرە دەکرێتەوە یان نا، لەم باباتەشدا تاوەکو ئێستا ئەوەی بیزانم کارێکی فەرمی یان هەوڵیکی هاوشێوە نەدراوە. بەڵام دامەزراوە و پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا زۆر کارایە. لە رابردوودا کاتێک رۆژئاڤای کوردستان بووە رۆژەڤ، نوێنەریان هاتن و بەشدارییان لە کۆبوونەوەکاندا کرد، قسەی خۆیانیان کرد و پێشنیازیشیان پێشکەش کرد.
من وای بۆ دەچم کە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و رۆژئاڤای کوردستان بەهێزتر بن. چەند مانگێک لەمەوبەر بەرپرسانی دەوڵەتی سوید سەردانێکی فەرمییان بۆ رۆژئاڤای کوردستان رێکخست. ئامانج لەو سەردانە ئەوەبوو هەم لە نزیکەوە دۆخی رۆژئاڤای کوردستان ببینن و هەمیش دڵنیا ببنەوە لەوەی کە چی پێویستە ئەنجام بدرێت بۆیان. لەم بارەیەوە زنجیرەیەک کار و هەوڵ ئەنجامدەدرێت، بەڵام ئەوە نییە لە داهاتوویکی نزیک و بە خێرایی ئەنجام بدەنە دەست. واتا مەرج نییە یەکسەر بریارەکان جیبەجی بکرێن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەو بڕیارانە دەخرێنە جێبەجێکردنەوە.
ئەو سەردانەی پاپا و بەتایبەتیش پێشوازیکرانی لە هەرێمی کوردستان بەمجۆرە لە وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەتیش لە یەکیتیی ئەوروپا رێز و پێزانینیکی شایستەی کۆکردەوە. ئەم پێشوازییە بۆ کورد و کوردستان خاڵێکی ئەرینی و باش بوو. هەموو ئەوانەی سەیری پێشوازییەکەی پاپایان کرد بۆیان دەرکەوت کە لە هەرێمی کوردستاندا خەڵکی لە چ ئاشتەواییەکدا دەژین و وەکو وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندە خۆشڕوو و لێبوردەن لەگەڵ یەکدی.
بێگومان کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت. بەتایبەتی وڵاتانی رۆژئاوا ئەو ئاکارە پێکەوەژیانەی کورد لە نزیکەوە دەبینن و چاودێریی دەکەن کە ئەمە دەبێتە هۆی زیاتر نزیکبوونەوەی وڵاتانی رۆژئاوا لە کورد. بە بەراوردکردن لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینن کە کورد خاوەن چ کولتووریکی جیاواز و باش و نزیک لە دیموکراسییە. هەروەها زووتر پەی بەمە دەبەن.
لەڕاستیدا وەکو پارتی سۆسیال دیموکراتی سوید لە پارچە جیاوازەکانی کوردستاندا پارتی خوشکمان هەن. هەر بۆیەش لە پارچە جیاوازەکانی کوردستاندا پەیوەندیی باشمان هەیە و پرۆژەی هاوبەشیشمان هەیە، بەڵام فیکرەی راشکاوانەی من ئەوەیە کە تەواوی پارتەکانی هەر چوار پارچە لە بابەتە نەتەوەییەکاندا هاوهەڵوێستانە هەنگاو بنێن. دەکرێ ئایدۆلۆژیا و بیرۆکە و تێڕوانین و بەرێوەبەردنی هەر پارتێک جیاواز لەوەی دیکە بێت، کە ئەمە پێویستە وابێت. لەڕاستیدا ئەمە دەوڵەمەندییەکی مەزن دروست دەکات. بەڵام هەروەک گوتم لە بابەتە نەتەوەییەکاندا دەبێت یەک دڵ، یەک دەنگ و یەک عەقڵانە بین کە ئەمە بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگە. چونکە ئەوەی بە یەک هێزی نەتەوەیی دەیکەین زۆر بەتواناترە لەوەی بە شێوازی جیا جیا و لەرێی پارتە جیاوازەکانەوە دەیکەین، هەروەها کاریگەرترە.
جۆن لەو ژنە کوردانە دەڕوانیت کە لە کوردستان سیاسەت دەکەن؟
منیش ژنەکوردیکی سیاسەتکارم، بەڵام لەوەی کە لە ژنەکوردێکی سیاسەتکاری ئەوروپا دەپرسن، چۆن لە ژنەکوردانی سیاسەتکاری کوردستان دەڕوانن، من بە بێ موبالەغە دەمەوی بڵێم؛ ژنانی کورد ج لە نێو سیاسەتدا بن چ لە دەرەوەی سیاسەتدا بن، بەهێزن و خاوەن هەڵوێستێکن کە دەزانن چییان دەوێ. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە ناترسن لەو گۆڕانکاری و ئاوەژووبوونەوانەی کە بەسەریاندا دێن. ئەمە بۆچوونی زۆرێک لە سیاسەتکارانی ئەوروپایە لەبارەی ژنانی کورد. ئەوان سەرسامن بە ژنانی سیاسەتکارانی کورد و زیاتریش سەرسامی ئەو داکۆکی و پێداگرییەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو شتانەی کە دەیانەوێ.
دوایین شت، ئایا بە گشتی پەیامێکتان هەیە بیدەن؟
سەرەتا دەمەوێ سوپاسی ئێوە و باس-نیوس بکەم بۆ ئەم رێپۆرتاژەی لەگەڵ من سازتان دا. هەروەک لە سەرەوە باسمکرد بیرۆکەم هەیە دوای ئارامبوونەوەی دۆخی کۆرۆنا لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانمان لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەین. بەتایبەتیش ئەمە بە دروست دەزانین چونکە بۆ گفتوگۆ و داکۆکی کردن و چاودێریکردن لە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە کورد و کوردستان، بە گرنگ و پێویستی دەزانین لە نزیکەوە چاودێریی مەیدانیی بکەین لە نزیکەوە گۆڕەپانەکە ببینین. پێشمانوایە بەوشێوەیە کارەکانمان بەرهەمدارتر دەبن. هاوکات لەو بڕوایەداین بەوجۆرە رۆڵمان دەبێت لە زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەرچوار پارچەکە بەگشتی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە