پەیامی کورد ... سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگری عێراق دەکات.
ئەمڕۆ شەممە ٢٥/٠١/٢٠٢٠ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نەجاح ئەلشەمەری وەزیری بەرگری عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا ، دوا پەرەسەندن و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق تاوتوێ کران. جەخت لە سەر گرنگی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە کرایەوە بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم .
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە تیرۆریستانی داعش ئێستا لە چەند ناوچەیەکی عێراق بوونەتە مایەی هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر دانیشتووان و پێویستە هەماهەنگییەکی باشتر لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا هەبێت و بە شێوەیەکی هاوبەش رووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببنەوە بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم .
وەزیری بەرگری عێراقیش وێڕای ستایشکردنی هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگری عێراق کە رۆڵێکی کاریگەری لە تێکشکاندنی داعشدا هەبووە ، ئامادەییشی بۆ هەماهەنگی زیاتر لەو بوارەدا دەربڕی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە