وردەکاری سەرهەڵدانەوەی داعش لە داقوق و خۆرماتوو

وردەکاری سەرهەڵدانەوەی داعش لە داقوق و خۆرماتوو

چەكدارانی تیرۆریستی داعش لەهەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و دیالە سەرهەڵدەدەنەوەو هێرشەكانیان بۆ سەر سوپاو حەشدی شەعبی دەستپێكردۆتەوە، بەرپرسێكی یەكێتیش لەسنوورەكە وردەكاریی سەرهەڵدانەوەی داعش لەو سنوورانە ئاشكرا دەكات و جموجۆڵی ئەو گروپەش بەبێ ترس لەناوچەیەكی نزیكی هەرێم بڵاودەكاتەوە.

مەلا كەریم شوكر لێپرسراوی بازنەی حەمرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند: هەموو ئەو شوێنانەی كەپێشتر هێزی پێشمەرگەی لێبوو لەسنووری هەردوو قەزای داقوق و خورماتوو، ئێستا بەدەست چەكدارانی تیرۆریستی داعشەوەیەو سوپاو حەشدی شەعبیش توانای كۆنتڕۆڵكردنی ئەو شوێنانەیان نییە.

بەرپرسەكەی یەكێتی ئەو ناوچانە ئاشكرادەكات كە ئێستا داعشی لێیە و وتی”لەخوارووی ناوچەی(حەفت تەغار)ەوە تادەگاتە نزیكی پردی زەرگە، هەروەها لەخوارووی قەزای داقوقەوە تادەگاتە باشوور و خۆرئاوای قەزای خورماتوو، داعشی لێیەو ژمارەشیان زۆرە، ئەمە جگەلەوەی هێزی ئاڵا سپێكە كە هەر سەر بەداعشن هاتوونەتەوە ناوچەكانی خۆیان و بەبێ ترس جموجۆڵیان هەیە”.

بەرپرسەكەی یەكێتی ڕاشیگەیاند: لەدەوروبەری هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و دیالەش جموجۆڵی داعش دروستبووە، لەهەریەك لەقەزاكانی داقوق و خورماتووش هێزی سەربازی كەمە و داعش دەتوانێت پەلاماریان بدات.

لەدوو رۆژی ڕابردوودا چەكدارانی داعش زیاتر لەسێ پەلاماریان لەسنووری قەزاكانی داقوق و خورماتوو ئەنجامدا كە چەندین كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە