پارتی پۆستەکانی لە سلێمانی وەردەگرێتەوە

پارتی پۆستەکانی لە سلێمانی وەردەگرێتەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی، ھەوڵی وەرگرتنەوەی ئەو پۆستانە دەدات کە لە پارێزگاکەدا و بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن، شایستەیەتی.  

مینا سامی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، پارتی خواستی ھەیە ئەو پۆستانە وەربگرێت کە لە ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەری دەکەون.

هاوکات ئەوەی ڕوون کردەوە کە بەپێ رێژەی دەنگدان، پارتی ١٠٪ی پۆستەکانی سلێمانی بەردەکەوێت کە لە بەڕێوەبەری گشتی و و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە پێک دێن.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هۆکاری ئەوەی لە ڕابردوودا پارتی پۆستەکانی وەرنەگرتووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لایەنەکان لە بەرامبەر ئەو پۆستانەدا، داوای پۆستی زۆریان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک کردووە، بەڵام ”ئێستا پارتی خواستی وەرگرتنی ئەو پۆستانەی هەیە“.

پێشتر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ناوی شەراکەتی ڕاستەقینە، پێداگری لەسەر ژمارەیەک پۆست دەکرد، هەر بۆیە بەرپرس و کادیرانی پێشکەوتووی پارتیش ڕایانگەیاند کە ئەگەر بەو هۆیە پۆستەکانی هەولێر و دهۆک بە یەکێتی بدرێت، دەبێ بە هەمان هۆکار، پۆستەکانی سلێمانیش بە پارتی بدرێت.

 

basnews

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە