پارتی بە نیازە بە شێوازێكی سەردەمیانە كۆنگرەی چواردەی پارتی بەڕێوە ببات

پارتی بە نیازە بە شێوازێكی سەردەمیانە كۆنگرەی چواردەی پارتی بەڕێوە ببات

پەیامی کورد   ...   مەحموود محەمەد، یەکێک لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، په‌یوه‌ست به‌و لیژنه‌یه‌ی كه‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ كاره‌كانی كۆنگره‌ی چوارده‌مینی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لیژنەی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی چوارده‌ لە ئێستادا دەستی بە كارەكانی كردووە و سەرقاڵی ئامادەكارین ده‌شڵێ، دەمانەوێت بە شێوازێكی سەردەمیانە حزبایەتی بكەین و ئەو ئاوات و ئامانجانەی خەڵكی كوردستانیش لەناو بەرنامەكاندا ڕەنگ بداتەوه‌.

مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ بڕیار درا ئەمساڵ پارتی كۆنگرەی چواردەیەمی خۆی ببەستێت، بۆئەوەی ئەم كۆنگرەیەش‌، كۆنگرەیەكی سەركەوتوو و نەوعی بێت و كۆمەڵێك نوێگەری پێوە دیار بێت هاوكات له‌گه‌ڵ سەردەم و قۆناغه‌كه‌دا خۆمان بگونجێنین كه‌ چەندین ساڵە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ڕێبازی بارزانی لە خزمەتی خەڵكی كوردستان و گەل و نیشتمانەكەیدا بووە، هەروەها چۆن بەم شێوازە پەرەی پێبدەین كە بتوانێت لەگەڵ هەموو گۆڕانكارییەكاندا بگونجێت و بەردەوام بێت لەو خزمەتكردنەی بە هۆی ئەم ڕێبازەوە بە خەڵكی كوردستانی كردووە."

مەحمود محەمەد گوتیشی، "ئێمە كۆمەڵێك خوشك و براین، هەم لە مەكتە‌بی سیاسی و هەم ‌لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمەڵێك شارەزا و پسپۆڕی بواری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و فەلسەفی و بواری خوێندنی باڵا راوێژیان پێ كراوە،‌ چونكە ئێمە دەمانەوێت بە شێوازێكی سەردەمیانە حزبایەتی بكەین و ئەو ئاوات و ئامانجانەی خەڵكی كوردستانیش هەیانە لە چۆنیەتیی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، لەناو بەرنامەكاندا ڕەنگ بداتەوە، هەر بۆیە لیژنەكە لە ئێستادا دەستی بە كارەكانی كردووە و سەرقاڵی ئامادەكارین."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە