پەیامی کورد ... پەرلمانتارێک قسەکانی سەرۆک کۆماری ئێران بە درۆ دەخاتەوە
جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵ لە پەرلمانی ئێران وێڕای وەدرۆخستنەوەی قسەکانی "ڕووحانی" سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بەنیسبەت خۆبژێویی گەنمەوە وتوویەتی: "ئێمە نەک هەر لەوبارەوە خۆبژێو نین بەڵکوو ٤ ملیۆن تۆن گەنممان کەمە".
"جەلال مەحموودزادە" جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵ لە پەرلمانی ئێران بە ئاماژەدان بە پەسەندکردنی گۆڕینی یاسای نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان وتوویەتی: "لە ڕابردوودا شورای ئابووری نرخی گەنمی دیاری دەکرد و وەزارەتی کشتوکاڵ کە یەک نوێنەری لە کۆی ١٧ ئەندامی ئەو شورایەدا هەبوو توانای گۆڕینی نرخی پەسەندکراوی گەنمی نەبووە، بەڵام ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵ بە دڵی خۆی نرخ دیاری دەکات".
ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "لە ڕابردوودا ئەو نرخەی وەزارەتی کشتوکاڵ پێشنیاری دەکات بەتوندی دەمانتوانی ڕەتی بکەینەوە بەڵام ئێستا نەک هەر ناتوانین بیگۆڕین بەڵکوو نرخەکەی بەسەر ئێمە و وەرزێڕاندا دەسەپێنن".
"مەحموودزادە" باسی لەوە کردووە، ئەمساڵ دەوڵەتی ڕووحانی نەیتوانی گەنم لە وەرزێڕان بکڕێت، دەیەویست بە نرخێکی کەم ڕەنجی یەکساڵی وەرزێڕان بکڕێتەوە، بەڵام ئێستا ناچارە بە نرخێکی زیاتر گەنم هاوردە بکات.
پێشتر "ڕووحانی" ڕایگەیاندبوو: "ئێمە بەنیسبەت گەنمەوە گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی و چیتر پێویستمان بە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە نییە"، بەڵام "مەحموودزادە" ئەو قسانەی سەرکۆماری ئێرانی وەدرۆ خستەوە
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە