پەیامی کورد... بەهۆی خاپوورکردنی بەنداوی کاخۆڤکا لە ئۆکراینا مەترسی روودانی لافاو لە ئارادایە
سەرۆکی ئۆکراینا، رایدەگەیەنێت "تیرۆریستان ناتوانن بە مووشەکباران و هەڕەشەی لافاو و چەکەکانی دیکەی دەستیان، ئۆکراینا رابگرن".
وێستگەی هایدرۆئەلیکتریک (کارۆ-ئاو)ی کاخۆڤکا لە ناوچەی هێرسۆنی ئۆکراینا کە لەلایەن رووسەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوە، بۆردوومانکرا و خاپوورکرا.
لەمبارەیەوە ڤلادیسلاڤ نازارۆڤ وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی "باشوور" لە سوپای ئۆکراینا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بانگەشەی ئەوەی کرد کە سوپای رووسیا بەنداوی کاخۆڤکای بە ئامانج گرتووە و نووسیوویەتی: "خێرایی و قەبارەی رژانی ئاوەکە مەترسی روودانی لافاوی دروستکردووە.
سەرۆکی فەرمانگەی سەربازیی ناوچەی هێرسۆن، ئەلێکساندر پرۆکودین لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە داوە ئەوانەی لە بەری چەپی رووباری دینەپەر دەژین کە ناوچەکەیان مەترسی روودانی لافاوی لەسەرە, دەگوازنەوە بۆ ناوچەی پارێزراو و دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی داگیرکراوە ناتواندرێت ئەو هاووڵاتییانە بگوازرێنەوە کە دەکەونە بەری چەپی رووبارەکە".
هەروەها سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا، ئەندریی یەرماک رایگەیاندووە کە بەهۆی ئەم رووداوەوە سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدیمێر زێلێنسکی, ئەندامانی ئەنجوومەنی بەرگری و ئاسایشی نیشتمانی کۆ دەکاتەوە و رایگەیاند: "ئەمە کۆمەڵکوژیی ژینگەیە، رووسەکان بەرپرسن لە بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە باشووری ناوچەی هێرسۆن و کریمیا لە ئاوی خواردنەوە و لەناوبردنی ژمارەیەک ناوچەی نیشتەجێبوون".
لای خۆیشیەوە زێلێنسکی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیوویەتی: "رووسەکان لە رێگای خاپوورکردنی بەنداوی وێستگەی هایدرۆئەلیکتریک (کارۆ-ئاو)ی کاخۆڤکا بۆ تەواوی جیهانیان سەلماند کە پێویستە لە تەواوی خاکی ئۆکراینا رابماڵدرێن.
نابێت تەنها یەک مەتر خاکیشیان بۆ جێ بهڵێدرێت چونکە بۆ تیرۆر بەکاریدەهێنن. تەنها سەرکەوتنی ئۆکراینا ئاسایش بەدی دەهێنێت و ئەمەیش روو دەدات. تیرۆریستان ناتوانن بە مووشەکباران و هەڕەشەی لافاو و چەکەکانی دیکەی دەستیان، ئۆکراینا رابگرن".
سەرۆکی شارەوانیی نۆڤایا کاخۆڤکا، ڤلادیمیر لیۆتیەڤ کە شارەکە بە رووسیاوە لکێندراوە بە ئاژانسی هەواڵی Ria Novostiی راگەیاندووە دوای خاپوورکردنی وێستگەکە، ئاستی ئاو ٢،٥ بەرز بووەتەوە و تەواوی خزمەتگوزارییەکانیش بەردەوامن لە پێشکەشکردن.
لیۆتیەڤ باسی لەوەیشکردووە کە بەهۆی مەترسی روودانی لافاو لە ژمارەیەک ناوچە لەوانەیە گواستنەوەی هاووڵاتییان بۆ ناوچەی پارێزراو ببێت بە پێویستی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە