لە خۆپیشاندانەكانی فەڕەنسادا ئاگر لە ٨٧١ شوێن بەردراوە

لە خۆپیشاندانەكانی فەڕەنسادا ئاگر لە ٨٧١ شوێن بەردراوە

پەیامی کورد... لە خۆپیشاندانەكانی فەڕەنسادا ئاگر لە ٨٧١ شوێن بەردراوە

لە پێنجەمین شەوی خۆپیشاندانەكانی فەڕەنسادا كە بەهۆی كوشتنی گەنجێك لەلایەن پۆلیسەوە سەریهەڵدا، ئاگر لە ٨٧١ شوێنی گشتیی بەردرا، ٥٧٧ ئۆتۆمبێل سووتێندرا و ٧٤ باڵەخانە زیانی بەركەوت.

دوای ئەوەی ئەم هەفتەیە لە ناوچەی نانتیر باكووری رۆژئاوای پاریس گەنجێك بە ناوی نائیل مەرزوقی لەلایەن پۆلیسەوە كوژرا، گرژی و ئاڵۆزی لە فەڕەنسا سەریهەڵدا.

كەناڵی تەلەفیزیونیی "BFMTV"ی فەڕەنسی پشت بەستن بە وەزیری ناوخۆی وڵاتەكە بڵاوی كردووەتەوە، لەو خۆپیشاندانانەی بە درێژایی دوێنێ شەو بەردەوام بوو، ئاگر لە ٨٧١ شوێنی گشتیی بەردراوە، ٥٧٧ ئۆتۆمبێل سووتێندراوە و ٧٤ باڵەخانە زیانیان بەركەوتووە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پاریس، لاورێنت نونیز باسی لەوە كرد كە لەو خۆپیشاندانانەی بەهۆی كوژرانی نائیل مەرزوقی-یەوە سەریهەڵداوە ئێلەگ زەردەكانیش بینراون و ئێستا پێویست بە راگەیاندنی باری نائاسایی ناكات.

لاورێنت نونیز ئاماژەی بەوە كرد لە خۆپیشاندانەكاندا، ماڵی سەرۆكی شارەوانی ئێڵ های لێس-رۆس، ڤینسێنت ژینبرو لە رێگەی ئۆتۆمبێلێكی ئاگراوییەوە سووتێندراوە و بەو هۆیەوە خۆپیشاندانەكە ئاراستەیەكی دیكەوە وەرگرتووە، بۆیە پارێزگاری لە ژینبرو دەكەن.

لەلایەكی دیكەوە، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، جیراڵد دارمانین لە هەژماری خۆی لە تویتەر، پشتیوانی خۆی بۆ ژینبرو و خێزانەكەی دەربڕی.

دارمانین باسی لەوە كرد كە ژینبرو و خێزانەكەی بوونەتە قوربانیی هێرشێكی قێزەون و ترسنۆكانە و بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ كوشن پەڕاوەی لێكۆڵینەوەیان لەسەر ئەو رووداوە كردووەتەوە.

وتیشی: ''ئەنجامدەرانی ئەم رووداوانە، باجی كارە قێزەونەكەیان دەدەن''.

هاوكات دارمانین و سەرۆكوەزیرانی فەڕەنسا، ئەلیسابێس بۆرنی و وەزیری گۆڕانی ئیكۆلۆژی فەڕەنسا، كریستۆف بێچو لەگەڵ سەرۆكی شارەوانی ئێل های لێس-رۆس ژینبرو كۆبوونەوە.

بۆرنی بە ژینبرو-ی راگەیاند: ''هەموومان تووشی شۆك بووین بەوەی روویدا. حكوومەت پشتیوانیتان دەكات''.

هەروەها سەرۆكوەزیرانی فەڕەنسا، ئەلیسابێس بۆرنی باسی لەوە كرد كە هیچ سەرۆك شارەوانییەك لەم جۆرە دۆخانەدا بە تەنیا جێناهێڵن.



- خۆپیشاندانەكانی فەڕەنسا

لە ٢٧ی حوزەیراندا لە ناوچەی نانتیر باكووری رۆژئاوای پاریس، پۆلیس تەقەی لە ئۆتۆمبێلێك كرد كە سێ كەسی تێدابوو و لە ئاكامدا، شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە كە كەسێكی تەمەن ١٧ ساڵان بوو بە ناوی نائیل مەرزوقی گیانی لەدەست دا.

وەك كاردانەوەیەك لەهەمبەر كوژرانی ئەو گەنجە لە چەند شارێكی جیاوازی وڵاتەكە خۆپیشاندان دەستی پێ كرد.

لەگەڵ ئەوەی بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی ئەو پۆلیسەی كوڕەكەی كوشتبوو و دادگاییكردنی، بەڵام رەوشەكە هێورنەبووەتەوە.

بەهۆی روودانی تاڵان و لەو شارانەی خۆپیشاندانەكانیان تێدا بەڕێوەدەچێت لە ١٠ شار لە كاتژمێر ٢١:٠٠ەوە قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندراوە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە