پەیامی کورد ... كەمێك پێش ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكی سیاسیان واژووكرد.
لە میانەی پرێس کۆنفرانسێکدا پارتی و گۆڕان رێكکەوتنەکەیان بۆ مێدیاکان باسکرد و تێیدا گۆڕان داوای لە ئەندامانی کرد، کە پابەند بن بە رێککەوتنەکەوە و هەردوولاش هیوایان خواست ئەو رێککەوتنەیان ببێتە هۆی تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخەی ئێستا هەرێم.
دکتۆر رۆژ بۆ مێدیاکان، لەسەر رێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند، لەسەر پۆستە حکوومییەکان و پۆستەکانی دیکەیش ڕێککەوتوون و جێبەجێی دەکەن، گوتیشی: "ئەمڕۆ واژۆی رێککەوتنمان کرد، هیوامان وایە ئەم رێکەوتننامەیە ببێتە هۆی یەکڕیزی سیاسی کوردستان و پێشکەوتنی پرۆسەی سیاسی و حکوومەتی هەرێم و هاوکات چارەسەری کێشەکانیش بکات".
ناوبراو ئەوەیشی خستە روو، کە ئەو رێککەوتننامەیە، مەخسەد لەوە نییە، کە تەنیا هەردوو لایەنی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان بێت، بەڵکو دەرگاشیان بە رووی هەموو حزبەکانیشدا کراوەیە، ئەوەش لە پێناو پاراستنی وڵات و دەسکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان.
جەلال جەوهەریش وێڕای پیرۆزبایی کردنی رێککەوتننامەکە لە هەردوولا، هیوای خواست کە رێكکتنەکە ببێتە ئەساس و بنەمایەک بۆ ئەو هێز و لایەنانەی دیکەی کوردستان، کە مەبەستیانە بەشداری حکوومەت بکەن، گوتیشی: "هەموان لە دەووری حکوومەتی نوێ کۆببنەوە، تا ئەم قۆناغە پڕ کێشە و قەیرانەی هەیە دەربازی بکەین".
ناوبراو ئاماژەی بە ئەزموونی ناخۆشی رێککەوتنی نێوان لایەنەکان لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەشدا، کە وەک پێویست رێکەوتنەکان جێبەجێ نەکراون، بۆیەشە هیواخواز بوو، کە ئەو رێککەوتنە ببێتە بنامایەک هەموو لایەنەکان لە پێشەوە پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان سەرمەشقی رێککەوتنێکی نموونەیی بن، کە تەعزیزی بڕوا و متمانە بە یەکتر زیاد بکات.
جەلال جەوهەر هەر لە میانەی پرێسکۆنفرانسەکەوە داوای لە هەموو کادیر و ئەندامانی بزوتنەوەکەی کرد، پابەندی رێککەوتنەکە بن، تا بە هاوکاری هەموو لایەنەکان ئەم ڕێکەوتنە بگەیەننە کەناری ئارامی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە