ڕوونکردنەوەیێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

ڕوونکردنەوەیێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیێنێ، هەموو ئەو كەس و لایەنانەی تۆمەت بۆ هێزی پێشمەرگە هەڵدەبەستن، دەیانداتە دادگا.

 

فەرمانگەی یاساییی وەزارەتی پێشمەرگە لەم هەفتەیەدا کاری لەسەر کۆمەڵێك دۆسیە کردووە بۆ ئەو کەسانەی کە تۆمەتیان بۆ هێزی پێشمەرگە هەڵبەستووە. بەرێوەبەری گشتیی راگەیاندن و ھۆشیارییش لە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، چیتر وەزارەتەکەیان بەرامبەر بەو تۆمەتانەی کە دەخرێنە پاڵ هێزی پێشمەرگە بێدەنگ نابن.
ھەڵگورد حیکمەت، بەرێوەبەری گشتیی راگەیاندن و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاندووە: "ھەر كەسێك پەنجەی تۆمەت بۆ پێشمەرگە درێژ بكات، بەشێوەی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەكەین و سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەین".
گوتیشی: "جیاوازی ھەیە لەنێوان ئەوەی كە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی قسە لەسەر پێشمەرگە بكات یان كەسایەتییەكی سیاسیی كوردستان کە لە بەغدا نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان بكات".
لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، بە پێویستی دەزانێت پێشگیریی لەو کەسانە نەکرێت، کە بە خراپ ناوی پێشمەرگە دەبەن، سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێ، بەپێی دەستوور پێشمەرگە ھێزێکە سەر بە سیستمی بەرگریی عێراقییە، لە ھەمانکاتیشدا ھێزێکی رێکخراوە و لە لایەن ئەمریکا و زلھێزەکان ددانی پێداندراوە، بۆیە ناکرێ و درۆیەکی شاخدارە پێشمەرگە بە کاولکاری تاوانبار ناو ببرێت.
شیلان شێخ جەعفەر، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "وەك لیژنەی پێشمەرگە و شەھیدان لە پەرلەمانی كوردستان، قبووڵ ناكەین ھیچ كەسێك ناوی پێشمەرگە لەكەردار بكات، داوا لە داواكاری گشتی دەكەین ھەركەسێك لەژێر ھەر ناو و ناونیشانێك بییەوێت ناوی ھێزی پێشمەرگە لەكەدار بكات سزای بدات".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە