دوو خوشکی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراو

دوو خوشکی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراو

پەیامی کورد... دوو خوشکی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراو

ئازادە پوورسەمەد، منداڵی ١۶ ساڵە و خوشکەکەی بە ناوی ئارەزوو پوورسەمەد و خەڵکی شاری سنە، نزیک بە حەفتەیەکە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون و تاکوو ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، دوو خوشک بە ناوەکانی ئارەزوو و ئازادە پوورسەمەد، لە دەوروبەری پردی شارۆچکەی "سوپای"ی شاری سنە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون.

سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ لە ڕفاندنی ئارەزوو پوورسەمەد، تەمەن ٢٧ ساڵ و خوشکە بچووکەکەی بە ناوی ئازادە پوورسەمەد، تەمەن ١۶ ساڵ، تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و بەدواچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.

شایانی باسە کە ئەو دوو هاووڵاتییە پاش ئەوەی کە ڕفێندراون، بە شێوەی زۆرەملێ و دڕندانە و بە ئۆتۆمۆبیلێکی حکومەتیی جۆری سەمەند بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی لانی کەم ٧ هاووڵاتیی کورد لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، بنەماڵەی ڕفێندراوان لەژێر شەپۆلێکی بەرین و بەربڵاوی گوشارەکانی ناوەندە حکومەتییەکاندان.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە