پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
سەرۆک مەسعوود بارزانی ، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی یەكیتی مامۆستایان كرد و رایگەیاند،"لە سەخترین رۆژگارەكانی میللەتەكەماندا مامۆستایان هەمیشە پێشەنگی خۆڕاگری بوون"
مەسعوود بارزانی لە پەیامەكەیدا ، پیرۆزبایی لە سكرتێر و ئەندامانی سكرتاریەتی یەكیتی مامۆستایانی كوردستان كردوە و رایگەیاندوە،"بەبۆنەی ٥٨هەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكیتی مامۆستایانی كوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی ئێوە و سەرجەم مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم."
مەسعود بارزانی نووسیویەتی،"لە مێژووی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلەكەماندا، ڕۆڵی نیشتیمانپەروەرانەی مامۆستایانی كوردستان هیچ كات لەبیر ناكرێت. ئەوان لەپاڵ ئەرك و پیشە پیرۆزەكەیاندا چەكی بەرگریكردن لە خاك و نیشتمانەكەیان لە شان بوووە و لەو پێناوەشدا دەیان شەهیدی نەمریان پێشكەش بە كوردستان كردوە."
ئاماژەی بەوەشكردوە،"لە سەخترین رۆژگارەكانی میللەتەكەماندا مامۆستایان هەمیشە پێشەنگی خۆڕاگری بون و نەیانهێشتوە پڕۆسەی خوێندن و زانست لە كوردستاندا بوەستێت و سەرباری بوونی قەیران و كێشەی گەورە مامۆستایانی ئازیز نموونەیەكی باڵا بوون بۆ هاندان و پێگەیاندن و بەردەوامبوونی فێربوون و زانست."
لە كۆتایدا رایگەیاندوە،"لەم بۆنە پیرۆزەدا جارێكی دیكە سوپاسی ماندوبوون و هەوڵی سەرجەم مامۆستایانی كوردستان دەكەم و هیوای پێشڤەچوون و بەردەوامی بۆ یەكێتی مامۆستایانی كوردستان و هەموو مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە