پەیامی کورد ... حیزبی دیمۆکرات تاوانەکانی ڕێژیمی تاران مەحکووم دەکات و داوایەک ئاراستەی حکوومەتی عێراق دەکات
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران داوای لە حکوومەتی عێراقی فێدراڵ و هەرێمی کوردستان کرد لە بەرانبەر پێشێلکارییەکانی سوپای پاسداران بێدەنگ نەبن و هەڵوێست وەربگرن.
دەقی بەیانییەکە بەم چەشنیە:
بەیانییەی مەحکوومکردن
سەر لە بەیانی ڕۆژی ١٦ی جوونی ٢٠٢٠ی زایینی تۆپخانەکانی هێزی سوپای پاسدارانی ئێران بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە شاخی قەندیل و سنووری ناوچەکانی حاجی عومەران، چۆمان و سیدەکانیان داوەتە بەر ئاوری تۆپخانەی قورس و کاتیۆشا باران. بەهۆی ئەم تۆپبارانە زیانێکی زۆر بە هاونیشتمانیانی ئەم ناوچەیە گەیشتووە و ماڵەکانیان وێران و خەڵکەکەی ئاوارە بوون.
ئەم تاوانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران یەکەم جار نیە و بەردەوام بێ هیچ بیانوویەک خەریکی شێواندنی باری ئاسایشی ناوچە و ئاوارەکردنی هاوڵاتییان و زیان گەیاندنی مادی و ڕووحییە بە خەڵکی ئەو ناوچانە.
ئێمە وێڕای مەحکوومکردنی ئەم تاوانەی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، داوا لە ڕای گشتی و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان دەکەین کە ئەم کردەوە دژە مرۆئیەی ڕێژیم مەحکووم بکەن.
هەروەها داوا لە حکوومەتی عێراقی فێدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکەین لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەی سوپای پاسدارانی ئێران کە بە بێ هۆ هاووڵاتییان و سەروەت و سامانیانی کردووەتە ئامانجی تۆپخانەکانی هەڵویست بگرن و مەحکوومی بکەن و بێ دەنگ نەبن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە