سەرۆک بارزانی ... ڕۆڵی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و کولتووری گەلەکەمان زۆر گرینگە و دەبێ بەهای زیاتری پێ بدرێت

سەرۆک بارزانی ... ڕۆڵی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و کولتووری گەلەکەمان زۆر گرینگە و دەبێ بەهای زیاتری پێ بدرێت

لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكیتی لاوانی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان كورتەیەكیان لەبارەی كار وچالاكییە سیاسی و ڕۆشنبیری و کولتووری یەكیەتییەكەیان بۆ خزمەتكردنی گەنجان و لاوانی كوردستان و دیاریكردن و چارەسەركردنی گرفتەكانیان خستەڕوو و هەروەها سەرۆك بارزانیان لە ئامادەكاریی بۆ بەستنی هەشتەمین كۆنگرەی یەكیتی لاوانی دیموكراتی كوردستان ئاگادار كردەوە.

هەروەها سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا دەستخۆشی لە ستاڤی سەركردایەتی و هەموو ئەندامانی یەكیتی لاوانی دیموكراتی كوردستان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵ و كاریگەریی ئەو یەكیتییە دا لە قۆناغە جیاجاكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان.

لە درێژەی وتەكەیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە ڕۆڵی ئافرەتان كردەوە لە ژیانی سیاسی و كولتووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا و داواشی كرد كە لە كۆنگرەی داهاتوو و چالاكییەكانی یەكیتی لاوانی دیموكراتی كوردستان پێگە و ڕۆڵی كچان و ئافرەتان فراوانتر بكرێت و بە پێویستی زانی زەمینە بۆ بەشداریی زیاتریان لە بوارە جیاجیاكان بە بێ جیاوازی بڕەخسێت.

لە بەشێكی دیکەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی تیشکی خستە سەر یەكێك لە گرینگترین ئەركەكانی یەكیتی لاوانی دیموكراتی كوردستان كە درووستكردنی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانییە لەناو چینی لاواندا و بە پێویستیشی زانی كە لاوان ڕووبەڕووی ئەو فەرهەنگە نابەجێیە ببنەوە كە هەوڵ دەدات بەهاكانی كۆمەڵگە لە مانا بەتاڵ بكات و لاوان و گەنجانی كوردستان بەرەو نائومێدی ببات و لە ئازادیخوازی و نیشتیمانپەروەری دووریان بكاتەوە و ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە کولتووری پێشمەرگایەتی لەناو لاوان گەشە بكات كە کلتووری فیداكاری و خۆشەویستی نیشتیمانە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی تیشکی خستە سەر قۆناغی پێش ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و هەروەها سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەوەی دووپات كردەوە كە سەپاندنی ئەمری واقعی سەربازی و زۆرداری لە كەركووك و ناوچەكانی تر قابیلی قبوڵ نییە و دەبێ كۆتایی بێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە