پەیامی کورد ... ڕوونکردنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر جووڵەی هێزی پێشمەرگە بەرەو مەخموور
سوپاسالاری پێشمهرگه رایگهیاند، زانیارییان ھەیە داعش تاکتیکی گۆڕیوە و جهختیشی كردهوه، كه چوونی پێشمەرگە بۆ مەخموور لەبەر مەترسییەکانی ئهو رێكخراوهیه.
فەریق جەمال ئێمینکی، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگهیاندوه: "لە ناوچەکانی خانەقین و قەرەتەپە و جەبارە تا ڕۆژئاوای کەرکووک و دەگاتە مەخموور ڕۆژ بە ڕۆژ جووڵەی چەکدارانی داعش زیادتر دەبێت، ھۆکارەکەیشی بۆ ھەبوونی بۆشاییی ئەمنی دەگەڕێتەوە، چ لەنێوان ھێزە عێراقییەکان خۆیان بێت، یان لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان، چهكدارانی داعش ڕەوشەکەیان قۆستووەتەوە بۆ دەستپێکردنی جووڵەی زیاتر، لە ھەندێ ناوچەش بە ئازادی ھاتوچۆ دەکەن، ھەتا ڕۆژ بە ڕۆژ چهكدارانی ئهو رێكخراوه تاکتیکی خۆیان دەگۆڕن."
سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "ئێمە و عێراقیش نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن، تا ئەو بۆشاییە ئەمنییەی پەیدا بووە پڕ بکرێتەوە و ڕێگری لە جووڵەی داعش بکەین، ئەویش لە ڕێگەی جێگیرکردنی ھێزی ھاوبەش."
فەریق جەمال ئێمینکی ڕوونی کردەوە: "بەردەوام ڕێنمایی و زانیاری دەدرێتە ھێزەکانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی پێشەوە، ڕۆژانە زانیاریی ھەواڵگەری دەدرێتە یەکەکانی پێشمەرگە، سرووشتی ھەندێ ناوچە ھاوکارە بۆ ئەوەی چەکدارانی داعش تێیدا کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، لەوانەش دەوروبەری خانەقین و چیای قەرەچۆغ، پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە و ڕێگە بە ھیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی نادەن."
پەیوەست بە جووڵەپێکردنی پێشمەرگە بەرەو مەخموور، فەریق جەمال ئێمینکی وتی: "دەڤەری مەخموور و گوێڕ و چیای قەرەچۆغ یەکێکە لەو دەڤەرانەی داعش تێیدا جووڵە دەکات، لەبەر ئەوەش تەنیا لەو میحوەرە ھێزی پێشمەرگە خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی و چوونی ھێزی پێشمەرگەش بۆ سنووری مەخموور بەھۆی مەترسیی چەکدارانی داعشە، لەبەر ئەوەی داعش جووڵەی ھەیە لەو سنوورە و پێویستە پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدا بێت."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە