حکومەتی عیراق دەست بە وردبینی لە لیستی مووچە خۆرانی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم دەکات و ڕاوێژکارێکی ئەو وەزارەتەش ڕەتیدەکاتەوە ھیچ نوسراوێکی فەرمیان لەو بارەیەوە پێگەیشتبێت .
لیوا بەختیار بابان، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم ڕاگەیاند: ھاتنی لیژنە لەبەغداوە بەمەبەستی وردبینیکردن لە لیستی مووچە خۆرانی وەزارەتی ناوخۆ، تەنھا دەنگۆیەو ھیچ شتێکی فەرمیمان لەو بارەیەوە بەدەست نەگەیشتووە.
وتیشی: "پەیوەندی نێوان ھەرێم و بەغدا بەرەو باشی دەڕوات، ئەگەر بیانەوێت لە بەغداوە مووچەی وەزارەتی ناوخۆ بنێردرێت دەست بەوردبینی دەکەن، ھەرچەند تا ئێستا بە ڕەسمی ھیچ نوسراوێکمان پێنەگەیشتووە، بەڵام دوای پێدانی موچەی وەزارەتە مەدەنییەکان، سەرەی ئێمەو پێشمەرگەش دێت و دەست بەوردبینی دەکەن".
لیوا بەختیار وردبینیکردنی لەوەزارەتی ناوخۆ بەئاسایی وەسفکردو وتی: "لەوەزارەتی ناوخۆ ھیچ شتێکی نھێنیمان نییەو تەواوی لیستەکانیان بۆ دەخەینەڕوو".
بەختیار بابان ئاشکراشیکرد: "سیستمی موچەو میلاکاتی ناوخۆ بەپێی یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠١١ی عیراقی ڕێکخراوە، ھیچ جیاوازییەکی نییە، بەڵام ئەگەر موچەکە لەبەغداوە ڕەوانە بکرێت بەبێ پاشەکەوت دەدرێت وھیچ بڕە پارەیەک لەھێزەکانی ھەرێم نابڕدرێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە