بڕیاربوو ڕۆژی چوارشەممە 15-8-2018 عەبادی سەردانی تاران بکات، بەڵام نووسینگە ڕۆژنامەگەری عەبادی ڕایگەیاندووە، سەردانەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.
نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، وەک پلانی بۆ دانراوە عەبادی ڕۆژی سێشەممە سەردانی تورکیا دەکات بەڵام “بەهۆی نەبوونی کات” ناتوانێ سەردانی تاران بکات.
بەرپرسێکی حکومەتی عێراق، کە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوەکەی قسەی بۆ AFP کردووە، وتوویەتی، ئێران سەرەتا بە سەردانەکە ڕازیبووە بەڵام دواتر بەهۆی نیگەرانی لە لێدوانەکانی عەبادی، بۆچوونی گۆڕاوە.
ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژی پێشتر " بەهرام قاسمی " ، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بێ ئاگایی خۆی لە سەردانی عەبادی بۆ تاران دەربڕی و سەرچاوەیەکی حکومەتی ئێرانیش بە ئاژانسێکی ووڵاتەکەی ڕاگەیاندبوو، سەردانەکە لە بەرنامەدا نییە.
هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەوەی ناچارە پابەندبێت بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کاردانەوەی تووندی لەئێران لێکەوتووەتەوە.
لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە سێشەممەی ڕابردوو، سەبارەت بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هەڵوێستی بەغدا، عەبادی ڕایگەیاند : “ لەگەڵ ئەو سزایانەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نین، بەڵام بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق، ناچارین پابەندبین بە سزاکانەوە”.
سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی بۆ تاران، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە 14-8-2018 حەیدەر عەبادی سەردانی ئەنقەرە بکات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە