ماکرۆن: ئێران ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات

ماکرۆن: ئێران ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات

پەیامی کورد... ماکرۆن: ئێران ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات


ئێمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا دەڵێت، ئێران بەو هەڵسوکەوتەی گرتوویەتەبەر، ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات.

سەرۆککۆماری فەرەنسا رۆژی چوارشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2022 لە کۆبوونەوەی G20 رایگەیاند، "ئێران لە رێگەی دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی فەرەنسی، هەڵسوکەوتی زۆر توندی بەرامبەر بە ئێمە گرتووەتەبەر".

ماکرۆن دەڵێت: سیاسەتی توندوتیژی ئێران لە ناوچەکە و بەبارمتەگرتنی هاووڵاتیانی بیانی بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە. ئێران لە رۆژانی رابردوودا، توندوتیژی فراوانی لە عێراق کردووە.

لە ماوەی شەست رۆژی رابردووی خۆپێشاندانەکان لە ئێران کە بە کوژرانی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد تا ئێستا، حەوت هاووڵاتی فەرەنسی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند هاووڵاتییەکی بیانی دیکەی بە بیانووی تێوەگلانیان لە خۆپێشاندانەکاندا دەستگیرکردووە.

مەبەستی ماکرۆن لە "توندوتیژی ئێران لە عێراق"، هێرشی سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 14ـی تشرینی دووەم، بۆ سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران لە زڕگوێزە کە بە هۆیەوە سێ کەس شەهید و هەشت کەسیش برینداربوون.

سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی بەئەستۆگرت و ئاشکرایکرد، لە هێرشەکەدا مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان بەکارهاتووە.
 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە