پەیامی کورد ... بەڕێوەبردنی یەکێتی و چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیدا، ناکۆکی نوێی لە نێو ئەو حیزبەدا هێناوەتە ئاراوە، تا ئێستا لەسەر چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە ڕێک نەکەوتوون.
یەکێتی لە دوا کۆنگرەی خۆیدا، دوو ئەنجوومەنی هەڵبژارد، کە بریتین لە: ئەنجوومەنی باڵای سیاسی کە لە 9 کەس پێکهاتوون و لەلایەن کۆسرەت ڕەسوڵەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، هەروەها ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە لە 124 کەس پێکهاتووە، بەڵام تا ئێستا چۆنیەتی سەرۆکایەتیکردنی ئەم ئەنجوومەنە یەکلایی نەکراوەتەوە.
لە ئێستادا ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سەرقاڵی گفتوگۆکردن و پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆیە، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەکێتی و دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی، گرفتی لەنێو هەردوو ئەنجومەنەکەی یەکێتیدا دروستکردووە.
لە چەند ڕۆژی رابردوودا، کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەکێتی، داوای لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کرد گفتوگۆکان لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ ڕابگرێت، ڕایگەیاند"یەکێتی کەوتووەتە دۆخێکەوە پـێویستە وریابین، بڕیارەکان مەترسیان لەسەر هاوسەنگی یەکێتی دروستکردووە."
سەرباری داواکاریەکەی کۆسرەت رەسوڵ بۆ ڕاگرتنی کۆبوونەوەکانیان، بەڵام ئەنجوامەنی سەرکردایەتی یەکێتی بەردەوامە لەسەر کۆبوونەوەکانی و تا ئەمڕۆ پێنجشەمە، کۆبوونەوەکان بەردەوامیان هەبووە.
شێخ جەعفەر مستەفا ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەکێتی، ئاماژەی بەوەکرد ئەنجوومەنی سیاسی لە تێکۆشەرەکانی یەکێتی پێکهاتوون و پێویستە لە پەیڕەوی ناوخۆدا دەسەڵاتیان پـێبدرێت، وتی"بێ دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنە، رەنگە هەندێک کاری نەشیاو و لابەلا بکرێت، بۆ رێگرتن لە کاری لابەلا، دەبێت ئەو ئەنجوومەنە دەسەڵاتی هەبێت."
بەپێی زانیاریەکان ، ناکۆکیە نوێـیەکانی یەکێتی لەسەر سێ پرسی سەرەکیە، دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەکێتی ، لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی یەکێتی کە کێ بن و دەسەڵاتیان چۆن بێت.
زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی دەیانەوێت دەسەڵاتی ڤیتۆکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیان هەبێت و خاوەن بڕیاربن، لە کاتێکدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە ئەوان پێیانوایە، دەسەڵاتی "بنەماڵەی تاڵەبانی بەسەریەوە دیارە"، دەیانەوێت ئەو ئەنجومەنە تەنها ڕۆڵی راوێژکاری هەبێت.
گرفتێکی تری یەکێتی، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەکێتیە، کە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەیانەوێت سستمی هاوسەرۆکی پەیڕەو بکرێت و باس لە باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شیخ جەنگی بۆ ئەو پۆستانە دەکرێت، بەڵام ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەڵێن: پێشتر وا رێککەوتوون حیزب سەرۆک یان سکرتێری هەبێت.
رەوەند مەحمود ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، ڕایگەیاند : "کاک کۆسرەت مافی خۆیەتی قسەی هەبێت، ڕاکانی لەنێو ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا گفتووگۆیان لەبارەوە دەکرێت."
بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی، بە تایبەت ئەوانەی لە کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵحەوە نزیکن، ئاماژەبەوە دەکەن پێشتر وەها بڕیاربووە یەکێتی سەرۆک یان سکرتێری هەبێت و ناوی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە و باڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی بۆ جێگری هێنراون.
بەپێی ووتەی ئەو بەرپرسانە، لەپڕ دۆخەکە گۆڕاوە و سیستەمی هاوسەرۆکی هێنراوەتە بەر باس، کە بەپێی وتەی ئەوان ئەمە پێشنیاری ئێرانیەکانە و هەوڵێکە بۆ دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵح لە کەسی یەکەمی یەکێتی، بەو پێیەی ئێرانیەکان لە هەڵوێستی بەغدای نیگەرانن.
هەرچەندە زانیاری ئەوە لە ئارادایە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا، وەفدێکی ئێران بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ پاڤێڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی و کۆسرەت رەسوڵ دا بە جیا کۆبوونەتەوە، بەڵام شیخ جەعفەر مستەفا دەڵێت"ئێران بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ یەکێتی و کاک کۆسرەت دانەنیشتووە، نەک دانەنیشتووە، بەڵکو وەکو قەتعی عیلاقەش کراوە، بەڵام لەگەڵ خەڵکانێک لەناو یەکێتی دانیشتوون، کە لە16 ی ئۆکتۆبەردا هەماهەنگیان بوون و لای یەکێتی خائینن ."
هەوڵ دان بۆ وەرگرتنی ڕاوبۆچوونی بەرپـرسانی دیکەی یەکێتی سەبارەت بە لێدوانەکانی شێخ جەعفەر مستەفا، بێ ئاکام بوو و ئامادە نەبوون بۆ لێدوان و ، دەڵێن لە کاتی گونجاودا لێدوانی خۆیان دەبێته.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە