پەیامی کورد ... بریندار بوونی دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات
دوو کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و تورکیا بریندار بوون.
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە١ی سێپتامبری ٢٠٢٠، هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە سنوورەکانی شاری خۆی سەر بە پارێزگای ئورمیە تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە سەختی بریندار بووە.
ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی کە بریندار بووە ”سەیوەندین کڵاشی“ تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی ”گیوران“ی ناوچەی کۆتۆل ڕاگەیەندراوە کە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشیکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری وان کراوە.
لەلایەکی دیکەوە و هاوکات، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی بەخشی شاهۆی ڕوانسەر بە ناوی ”حەمید حوسێنی“ بە سەختی بریندار بووە. ناوبراو بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان کراوە.
بەپستبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی مانگی ئاگۆستی ئەمساڵ ٣١ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بریندار بوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە