پەیامی کورد... حەلبوسی: بڕیارەکەی دادگا یاسایی نییە
سەرۆكی دوورخراوەی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت،"دادگای باڵای فیدراڵی رەچاوی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکانی نەکردووە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-11-2023 محەمەد حەلبوسی سەرۆكی دوورخراوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕایگەیاند،"ئەرکەکانی دادگا بریتین لە چاودێریکردنی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان و پاراستنی دەقەکانی دەستوور، هەروەها یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان".
ئاماژەی بەوەشدا،"دادگای باڵای فیدراڵی رەچاوی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکانی نەکردووە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو،"بەپێی ماددەی 49 لە دەستوور و بەپێی یاسای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دادگا یاسایی نییە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەموو لایەنێک پابەندی دەستوور بن".
ڕاشیگەیاند،"بەگوێرەی دەستوور و یاسایی هەڵبژاردن، تەنها سەرۆکی پەرلەمان بۆی هەیە کۆتایی بە ئەندامێتی پەرلەمانتار بهێنێت، هەروەها تەنها دادگای دادوەری بۆی هەیە لەسەر تاوانە جیاوازەکان بڕیار لە سەر پەرلەمانتار دەربکەن".
وتیشی،"تەنها بەپێی ماددەی 52ی دەستوور، دادگای باڵای فیدراڵی بۆی هەیە بەدواداچوون بکات، ئەویش لە سەر راست و دروستی ئەندامێتی پەرلەمانتار".
حەلبووسی ڕاشیگەیاند،"بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی لەیس دلێمیش هەڵەیە، چونکە لە دەسەڵاتی ئەوان نییە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە