گۆڕان ... قۆناغێکی نوێ لە ڕێدایە ... بۆچوونی پارتی دیار و ڕوونە

گۆڕان  ...   قۆناغێکی نوێ لە ڕێدایە ... بۆچوونی پارتی دیار و ڕوونە

پەیامی کورد  ...   ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی رایدەگەینێت، قۆناغێكی نوێ لە ‌نێوان هەولێر و بەغدادا هاتووەتە پێشەوە و دەبێ بەیەكەوە چارەسەری گرفتەكان بكرێت. دەشڵێت، یەكێك لە گرفتەكان نەبوونی متمانەیە، بۆیە دەبێ ئەو متمانییە‌ دروست ببێتەوە.

خەسرۆ گۆران، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، ڕایگەیاند : "دەبێ سەركردایەتی سیاسیی كوردستان دوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێ هەوڵ بدات لەو ناوچانەی 16ی ئۆكتۆبەر ڕووی دا و كەوتوونەتە دەست بەغدا، دۆخەكە ئاسایی بكاتەوە، كۆمەڵێك دۆسیە هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدادا پێویستیان بە هەنگاوی جیددییە، یەكێك لەوانە مەسەلەی نەوت و پشكی هەرێمە، هەروەها مووچەی پێشمەرگە و بابەتی ماددەی 140 و بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانە، بۆچوونی پارتی لەو بارەیەوە ڕوونە، كاك نێچیرڤان بارزانی لە كۆتایی مانگی 3 گوتوویەتی لەسەر پرسی نەوت ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا".

گۆران ئەوەشی خستە ڕوو: "هەرچەندە لە ‌ئاستی خوارەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا لیژنە پێك هێنراوە بۆ پرسی داعش و تیرۆر، بەڵام ئەمانە هەنگاوی عەمەلی نین، هەنگاوی كرداری ئەوەیە كە شاندی هەرێمی كوردستان لە ئاستی باڵادا سەردانی بەغدا بكات، لەوێ قسە لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەداگیركراوەكان بكرێت و دۆخەكە بگەڕێتەوە بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبەر".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی هەروەها دەڵێت: "پێش 16ی ئۆكتۆبەر لە هەموو هەڵبژاردنێكدا پێشمەرگە و سوپای عێراق پارێزگارییان لەو ناوچانە كردووە، ناكرێت بەم شێوەیەی ئێستا هەر كەس و تایفەیەك بە ئارەزووی خۆی كەوتووەتە گیانی خەڵك، وای لێ هاتووە لە ‌هەر عەشیرەتێك گرووپێك هەیە، پێش چەند ڕۆژێك توركمانەكان دژی ئەو هەنگاوانە وەستانەوە كە‌ لە كەركووك دەنێرێن لە دژی زەوییەكانیان، ئاگادارین كریستیانەكانی دەوروبەری مووسڵ یادداشتنامە دەدەنە (یوئێن- عێراق و كوردستان) كە دۆخیان خراپە و بە هۆی حەشدەوە ناتوانن بگەڕێنەوە، لەولاشەوە ئێزدییەكان‌ %20یان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئیتر لە دووزخورماتوو و خانەقینیش هەمان شتە".

خەسرۆ گۆران ئاماژەی بەوەش دا: "عادل عەبدولمەهدی، هەنگاوی باشی ناوە بۆ پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ نموونە،‌ ئێستا بودجەی هەرێم بەشێكی دەگاتە كوردستان، ئەوەش وای كرد ئابووریی كوردستان ببووژێتەوە و پاشەكەوتی مووچە نەمێنێت، بۆیە دەبێ بە جیددی گرفتەكان چارە بكرێن، پێش حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی بیانوو ئەوە بوو تیرۆر هەیە، قاعیدە هەیە، ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە،‌ نە داعش ماوە و نە ‌قاعیدە، ئەوەی ماوەتەوە دروستبوونی متمانەیە،‌ پێویستە بۆ چارەسەری گرفتەكان حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی هەنگاوی باش بنێت، حكوومەتی ئێمەش بە جددی ئەو دۆسیانە بگرێتە ئەستۆ."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە