پەیامی کورد... فەرەنسا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆر دەکات
باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆر دەکات و بە دەستدرێژییکردنە سەر سەقامگیریی ئاسایشی عێراق دەزانێت.
باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: زۆر بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆر دەکەین کە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە و پەکخستنی بەرهەمهێنانی کارەبا.
لە راگەیەندراوەکەی باڵیۆزخانەی فەرەنسادا ئەوەش هاتووە، “هێرشی هاوشێوە لە دژی ژێرخانێکی مەدەنی کە سوود بە هەموو عێراقییەکان دەگەیەنیت، دەستدرێژییەکی دیکەیە بۆسەر سەقامگیری عێراق و بەتایبەتی بۆسەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان”.
ئەوەشخراوەتە روو، ئەم هێرشە پەرەپێدانی گرژییەکان لە ناوچەکە قبوڵنەکراوە. هەروەها باسیلەوەشکردووە، فەرەنسا هاوشانی گەلی عێراق و دەسەڵاتدارەکانیەتی هەروەک چۆن هاوشانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق و دانیشتوانەکەیەتی.
شەوی رابردوو، ژمارەیەک کاتیۆشا لە کێڵگەی گازیی کۆرمۆر لە باشووری پارێزگای سلێمانی کەوتنە خوارەوە، یەکێک لە کاتیۆشاکان ئاراستەی کۆگایەکی ئەمبارکردنی گازیی سرووشتیی کێڵگەکە کرا و بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە؛ وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی راگیرانی کارکردن لە کارگەکە و کەوتنەوەی ئاگرەکەی کێڵگەی کۆرمۆر، بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە بڕی 2800 مێگاوات کەمیکردووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە