پەیامی کورد ... کاتی خەرجکردنی بوودجە ڕاگەێندرا
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، حكوومەتی عێراق ناتوانێ باج بخاتە سەر مووچە، بۆیە ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی بوودجە دەكرێت و پشكی ھەرێمی كوردستانیش رەوانە دەكرێت، چوونكە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە و دەركردنی رێنمایی بۆ بوودجە، تەواو دەبێت.
دكتۆر فازڵ نەبی، ڕایگەیاند : وەزیری دارایی عێراق نووسراوێكی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە، كە باج لەسەر مووچەی فەرمانبەران دابنرێت، تەنھا ئەوانە نەبێت كە مووچەیان كەمە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی یاسایە و ھیچ سەنەدێكی یاسایی نییە، بۆیە بڕیارەكە سەرناگرێت، چوونكە پەرلەمانیش ووڵامیان داوەتەوە و ئەو داواكارییەیان ڕەت كردووەتەوە، بۆیە ئەگەر حكوومەت جێبەجێی بكات، كێشە دروست دەبێت و پەرلەمان بەڵگەی یاسایی لە بەردەستە، چوونكە لە یاسای بوودجەدا باسی باجدانان لەسەر مووچە نەكراوە.
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق گوتیشی: "ئێستا بوودجە لە وەزارەتی داراییە و لەبەر ئەوەی پەرلەمان دەستكاری زۆری دەق و ماددەكانی نێو بوودجەی كردووە، پێداچوونەوەیەكی باشی دەوێت. من پەیوەندیم بە وەزارەتی داراییەوە كرد و ئەوان باسیان لەوە كرد، كە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە بە یاسای بوودجە و دەركردنی رێنمایی تەواو دەبێت و ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی دەكرێت".
نەبی باسی لەوەش كرد: "لەگەڵ خەرجكردنی بوودجە، لە ھەفتەی داھاتوودا پشكی ھەرێمی كوردستانیش خەرج دەكرێت، چوونكە پشكی ھەرێمی كوردستان ناردنی ئاسانە و تەنھا ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و نیوەی داھات، كە پارەكەی بۆ ئەم مانگە چەندە، حیساب دەكرێت و پشكی ھەرێم دیاری دەكرێت و پارەكە رەوانە دەكرێت، بۆیە كاتی زۆری وەكوو پێشوو ناوێت و لە ماوەیەكی كەمدا خەرج دەكرێت، چوونكە مانگانە بەپێی نرخی نەوت و داھاتی ھەرێمی كوردستان چەندە، ئەوەندە رەوانە دەكەن".
دەشڵێ، گرنگە لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێت بۆ ناردنی پشكی ھەرێم لە بودجەدا، چوونكە مانگانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەگەر ئەو لیژنە ھەبێت، رێگە نادات ناردنی پشكی ھەرێمی كوردستان دوابكەوێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە