ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ١١ی ئادار پەیامێکی بڵاو کردەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ١١ی ئادار پەیامێکی بڵاو کردەوە

پەیامی کورد  ...  ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئازاری 2019، لە یادی 49 ساڵەی ڕێككەوتنی 11ی ئازاردا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە، ئەمە دەقەكەیەتی:

ئەمڕۆ ٤٩ ساڵ بەسەر واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠دا لە نێوان سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و حكوومەتی ئەوسای عێراقدا تێدەپەڕێت. ئەم ڕێككەوتنە دەستكەوتێكی گرنگی شۆڕشی ئەیلوول و بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو لە پێناو مافە ڕەواكانیدا.

ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازار، وێڕای ئەوەی دۆكیومێنتێكی گرنگی فەرمی بوو بۆ دانپێدانانی حكوومەتی عێراق بە مافی سیاسی و ئیداری و کلتوری گەلی كوردستان و ناساندنی شۆڕشە ڕزگاریخوازەكەی، وەك خەباتێكی ڕەوای خاوەن پەیام و ئامانجی نیشتیمانیی دروست، بەڵگەی ئاشتیخوازی و لێبووردەیی گەلی كوردستان و سەركردایەتی شۆڕشەكەشی بوو، كە هەمیشە دیالۆگ و ڕێككەوتنیان لەگەڵ حكوومەتە یەك بە دوا یەكەكانی عێراقدا بە بژاردەی سەرەكیی خۆیان داناوە.

یادكردنەوەی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازار، ڕێزگرتنە لە مێژووی ڕزگاریخوازیی گەلەكەمان و خواستی ئاشتیخوازانەی بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواكانی، هاوكات وانە و پەندێكی مێژوویی گرنگیشە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی كە جگە لە بژاردەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و جێبەجێكردنی ڕاستگۆیانەی ڕێككەوتنەكان، هەر بژاردەیەكی دیكە، تەنها كارەسات و ڕووداوی نەخوازراو دەخوڵقێنێت.

هەرێمی كوردستان، لە ئاستی عێراق و لەگەڵ گەلان و وڵاتانی ناوچەكەیشدا، هەمیشە هەڵگری پەیامی لێكگەیشتن و دیالۆگی سەردەمیانە و دۆستایەتیی ڕاستگۆیانە و ڕێزگرتنی ئیرادە و بەرژەوەندییەكانی هەموو لایەكە. دڵنیاشین كە ئەم دیدگا ئاشتیخوازانەی هەرێمی كوردستان، لای هەموو لایەك بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانرێت.

لەم یادە شكۆدارەدا، لەگەڵ ناردنی پەیامی ئاشتی و دۆستایەتیی هەرێمی كوردستان و گەلەكەی بۆ سەرجەم گەلانی دۆست و وڵاتانی دراوسێ و جیهان، ڕێز و ستایش بۆ هەموو هەوڵ و لایەن و هەڵوێستی ئاشتیخوازانە و دۆستانە دەردەبڕین. بە ئومێدی ئاشتی و برایەتیی بەردەوام بۆ گەلانی ناوچەكە و هەموو جیهان.

بەرز و پیرۆز بێت یادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازاری ١٩٧٠.

سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای سەرفرازی و خەباتی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان.

 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

١١/٣/٢٠١٩

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە