پەیامی کورد ... پێدانی كارەبای نیشتیمانی لە 17 كاتژمێرەوە بـۆ 20 كاتژمێر لە شەو و ڕۆژێكدا زیاد دەبێت و دەدرێتە هاوولاتیان .
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان لە پێدانی كارەبای نیشتیمانی لە 17 كاتژمێرەوە بـۆ 20 كاتژمێر لە شەو و ڕۆژێكدا. دەشڵێ، بەم زووانە كار بە پێوەری زیرەك دەكرێـت.
حسێن حەمەد، ڕایگەیاند: "كارەبای بەرهەمهاتووی سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای پارێزگاكانی هەرێم دەچێتە تۆڕی نیشتیمانیی كارەبای هەرێمەوە، كە بریتییە لە هێڵی 132 كەیڤی، هەر پارێزگایەكیش بەشەكارەبای خۆی لەم هێڵەوە وەردەگرێـت، بەپێی ئەو ڕێژەیەی دیاری كراوە بە گوێرەی وەرزەكانی ساڵ، لە وەرزی بەهار ڕێژەی پارێزگای هەولێر 41.5%ی پێ دەدرێـت، كە بەشەكارەبای پارێزگاكە بەپێی خشتە دابەش دەكرێـت بەسەر هاونیشتیمانیاندا، لە ئێستاشدا 17 بۆ 20 كاتژمێر لە شەو و ڕۆژێكدا كارەبا دەدرێـت بە هاووڵاتیان، جگە لەو شوێنانەی كێشەی تهكنیكى لە تۆڕە كارەباییەكانیاندا هەیە، كە ناتواندرێـت وەك پێویست كارەبایان پێ بدرێـت".
حەمەد هەروەها ڕایگەیاند : "پڕۆژە گەورەكانی وەكو پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەولێـر، فڕۆكەخانە و نەخۆشخانە گەورەكان، كارەبای 24كاتژمێری یان بۆ دابین كراوە، بۆ جێگاكانی دیكەش وەك فەرمانگە و دامودەزگا حكوومییەكان و ناوچە پیشەسازییەكان، هەوڵ دەدرێـت بە گوێـرەی پێـویستی و كاتی شوێنەكان كارەبایان پێ بدرێـت، بۆئەوەی بتوانن زۆرترین سوود لەو كارەبایە وەرگرن كە بۆیان دابین دەكرێـت".
ناوبراو ئاماژەی به ئەوەش كرد: "بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەكارهێنانی كارەبای نیشتیمانی و بەهەدەردانی كارەبا و زێدەڕۆیی سەر تۆڕەكانی كارەبای نیشتیمانی، پڕۆژەی پێوەری زیرەك لە سەرەتای كارپێكردنیەتی، كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی وەزارەتی كارەبا، بە تەواوبوونی پڕۆژەكەش، لەلایەك ئەو ڕێژەی ونبوونەی كارەبا كە ئێستا زیاترە لە 35%، زۆر كەم دەبێتەوە، هاوكات بەشێك لەو دۆسیانەی لە فەرمانگەكانی كارەبا هەن، نامێنن و كارئاسانیی زۆر دەكرێت لە ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان و چاككردنەوەی كارەبا لە كاتی تێكچوونی".
سەبارەت بە پێدانی سێكتەری كارەباش بە كەرتی تایبەت، حوسێن حەمەد دەڵێـت: "هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیە نییە، بەڵام ئەگەر حكوومەت بیەوێت سێكتەری كارەبا بدرێت بە كەرتی تایبەت، ئەوا پێویستە زەمینەسازی و ئامادەكاریی باش بكرێت و بە چەندین قۆناغ ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی پڕۆسەكە سەركەوتوو بێـت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە